هێشتا دەرفەت ماوە؛ ریال مەدرید ئەستێرەکەی لیڤەرپوول لە پلانەکانی دەرناکات

یاریگا –
کۆناتێ نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی دواخستووە و ئەگەرچی بایەخی کەمبووەتەوە بەڵام هێشتا لە مەدرید چاویان لەسەریەتی.
بەگوێرەی ئاس؛ هەرچەندە دەرفەتی کەمبووەتەوە، بەڵام بابەتی ئیبراهیما کۆناتێ هێشتا لەسەر مێزی گفتوگۆکانی ریال مەدریدە. تاوەکوو ئێستا وەکوو بژاردەیەک بۆ وەرزی داهاتوو دەستبەرداری نەبوون، بۆ ئێستا ئێدێر میلیتاو، دین هاوسن و راوول ئاسێنسیۆ ئەو بەرگریکارانەن کە پشتیان پێ دەبەسترێت، لە هەمان کاتێکدا رودیگەر خەریکە مانەوەی خۆی مسۆگەر دەکات، بەڵام دۆخی ئالابا روونە و ئەمە دوایین مانگەکانییەتی لە مەدرید. یانەکە دەیەوێت پێنج بەرگریکاری هەبێت و کۆناتێش یەکێکە لە بەربژێرەکان.
گرێبەستی کۆناتێ لەگەڵ لیڤەرپوول ئەم هاوینە کۆتایی دێت. کات بەرەو تەواوبوون دەچێت و هەمووان نیگەرانن جگە لە خودی یاریزانەکە کە زۆر ئارامە. لیڤەرپوول دەیەوێت بیهێڵێتەوە، بەڵام بەرگریکارەکە تاوەکوو ئێستا واژۆی لەسەر گرێبەستی نوێ نەکردووە، ئەمەش وای کردووە دووبارە ناوی بە ریال مەدریدەوە ببەسترێتەوە.
لە گەڕان بەدوای دڵێکی بەرگریدا باسی چەندین ناو کران. ئامانجی سەرەکی هەمیشە ویلیام سالیبا بووە، بەڵام تاڕادەیەک ئەستەمە، چونکە تاوەکوو 2030 گرێبەستەکەی لەگەڵ ئارسیناڵ نوێکردەوە، ئەمەش وادەکات گواستنەوەی زۆر قورس و گرانبەها بێت. بژاردەکانی دیکەش نەمان؛ مارک گێی چووە مانچێستەر سیتی و دایۆت ئۆپامیکانۆش مانگی رابردوو گرێبەستەکەی تاوەکوو 2030 لەگەڵ بایرن میونشن نوێکردەوە.
ئێستا دوو ناو ماونەتەوە، نیکۆ شلۆتێربێک و ئیبراهیما کۆناتێ، بەڵام بژاردەی یەکەم خەریکە لەدەست دەچێت. بۆروسیا دۆرتموند ئۆفەرێکی گەورەی بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی پێشکەش کردووە، کە مووچەی ساڵانەی 14 ملیۆن یۆرۆیە. شلۆتێربێک خودی خۆی ریال مەدریدی بەلاوە گرنگ بووە، بەڵام ئەم ئۆفەرە دەکرێت هەمووشتێک بگۆڕێت و دەرگاکە دابخات.
کۆناتێ لەژێر دەستی ئارنی سڵۆت یەکێکە لەو یاریزانانەی زۆرترین خولەک یاری کردووە (3397 خولەک)، تەنیا لە دوای ڤان دایک، سۆبۆسلای و خراڤنبێرخ دێت. لەم وەرزەدا لە کۆی 47 یاری لە 39 یارییدا سەرەکی بووە. ئەم ئاستە بەرزە وای کردووە لیڤەرپوول هەموو هەوڵێک بۆ هێشتنەوەی بدات. سەرەڕای ئەوەی یاریزانی لاوی وەکوو جاکۆبۆ رامۆن ئاستێکی بەرز نیشان دەدەن، بەڵام ریال مەدرید هێشتا چاودێریی کۆناتێ دەکات. گەورەترین پاڵنەریش بۆ مەدرید ئەوەیە کە ئەگەر رازی نەبێت گرێبەستەکەی نوێ بکاتەوە، ئەوا لە هاویندا بەخۆڕایی دەتوانن بۆ بێرنابیۆ بیگوازنەوە.



