
یاریگا –
هەولێر لە نێو یاریگای میسانی ئۆڵۆمپی رووبەڕووی نەفتی میسان دەبێتەوە و راهێنەری قەڵای زەردیش ئامانجی دوای ئەم یارییەیان ئاشکرا دەکات.
لە گەڕی 24ـی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق، هەینی ( 27ـی ئاداری 2026 ) هەولێر لە یاریگای میسانی ئۆڵۆمپی کاتژمێر 3:30ـی ئێوارە رووبەڕووی نەفتی میسان دەبێتەوە، هەولێر بۆ ئەم یارییە لە توانای شیرزود تەیمیرۆڤی هێرشبەری و کومەیل سەعدی گۆڵپارێزی بێبەش دەبێت بە هۆی پەیوەندیکردن بە هەڵبژاردەکانیانەوە، مستەفا قابیلیش بە هۆی پێکانەوە بێبەش دەبێت و چاوەڕوان دەکرێت بۆ یارییەکەی زەوڕا ئامادەبێت.
باسم قاسم، راهێنەری هەولێر دەربارەی ئامادەکارییان بۆ یارییەکە و ئامانجی تیپەکە لە کۆنگرەی رۆژنامەوانی رایگەیاند:
نەفتی میسان ئاسان نیە و تایبەت لەبەردەم هاندەران و نێو یاریگای خۆی، یاریزانەکانمان ئامادەن و دەمانەوێت لە رێگای سەرکەوتن لەم یارییەوە هەوڵی وەرگرتنی ریزبەندی یەکەم یاخود کێبڕکێی ئەم ریزبەندیە بکەین، وەکو یاریی رابردوو کارمان کردووە لەسەر پڕکردنەوەی شوێنی ئەو یاریزانانەی کە ناتوانن ئەم ماوەیە لەگەڵمان بن، باوەڕم بە یارێزانەکە و دەتوانین ئامانجمان بپێکین.
هەولێر بە 49 خاڵ و بە شێوەی کاتی لە ریزبەندی سێیەم دێت، لە ئەگەری سەرکەوتنی ریزبەندی دووەم لە شوڕتە وەردەگرێتەوە، یاریی داهاتووش لە یاریگای فرانسۆ هەریری میوانداری زەوڕا دەکات، نەفتی میسانیش 21 خاڵی هەیە و لە ریزبەندی 17ـی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق دێت.



