
یاریگا –
دەستەی کارگێڕی خولی تۆپی پێی پیشەگەری فەرەنسا، بڕیاری کۆتایی سەبارەت یاری لووتکەی هەفتەی 29ـی لیگ وەن لە نێوان لانس و پاریس سان جێرمان دەدات.
بە فەرمی، سەرەڕای ناڕەزاییەتییەکی توندی یانەی لانس، فیدراسیۆنی تۆپی پێی فەڕەنسا بڕیاریداوە یارییەکە بۆ 13ـی مانگی ئایار دوابخرێت.
🚨 𝗕𝗥𝗘𝗔𝗞𝗜𝗡𝗚: The French League Federation has postponed the Lens-PSG match despite Lens’s objection.
It does so to allow PSG to better prepare for the tie vs. Liverpool.
— @RMCsport pic.twitter.com/xIxcDBKI6b
— The Touchline | 𝐓 (@TouchlineX) March 26, 2026
ئەم بڕیارە دوای داواکارییەکی یانەی پاریس سان جێرمان هات بۆ دواخستنی یارییەکەی بەرامبەر یانەی لانس، تاوەکوو یاریزانەکانیان، پێش یارییە چارەنووسسازەکەیان بەرامبەر لیڤەرپوول پشوویەکی تەواو وەربگرن. پاریس کە ئێستا لە قۆناخی 8ـی چامپیۆنزلیگدایە، دەیەوێت بە هەموو هێزی خۆیەوە رووبەڕووی رێدز ببێتەوە، بۆیە یارییەکەی بەرامبەر لانس دواخراوە.
لانس پێداگربوو لەسەر ئەوەی یارییەکەیان بەرامبەر پاریس سانجێرمان لە 11ـی نیسان وەکوو خۆی بمێنێتەوە و ئامادە نەبوو گفتوگۆی دواخستنی بکات. یارییەکە بڕیار بوو لە کاتژمێر 18:00 بە کاتی هەولێر لە یاریگای بۆڵارت دێلیلیس بکرێت.
بەگوێرەی یاساکانی خولی پیشەگەریی تۆپی پێی فەڕەنسی بڕگەی 22، دەستەی بەڕێوەبەرانی خولەکە دەسەڵاتی رێکخستنی خشتەی یارییەکانیان و گۆڕانکاریکردن لەو خشتەیەیان هەیە لە ماوەی وەرزەکەدا. لیژنەکە ئەمڕۆ پێنجشەممە، 26ـی ئازار کۆبووەتەوە و بە پشت بەستن بە بڕگەی 22، بڕیاریانداوە یارییەکە بۆ مانگی ئایار دوابخات.
بەگوێرەی زانیارییەکانی RMC Sport، جۆزیف ئۆغۆرلیان، سەرۆکی یانەی لانس، بەشداری کۆبوونەوەکەی کرد و هەوڵێکی زۆری داوە تاوەکوو رێگری لە دواخستنی یارییەکە بکات، چونکە یانەکەی لە کێبڕکێی بەدەستهێنانی نازناوەکەدایە و نایەوێت خشتەی یارییەکانی تێکبچێت. بەڵام لە کۆتاییدا دەستەی کارگێڕی خولەکە بڕیاری دواخستنی یارییەکەی پەسەند کرد.
هاوکات، جگە لە یارییەکەی پاریس و لانس، یاری نێوان برێست و ستراسبۆرگیش کە بڕیاربوو 12ـی نیسان بەڕێوەبچێت، بۆ کاتێکی دیکە دواخرا، ئەمەش بەهۆی بەشداریکردنی ستراسبۆرگ لە کۆنفراسلیگ.
داوای یەکسانی دەکەین؛ لانس دژی دواخستنی یارییەکەی بەرامبەر پاریس سانجێرمانە



