
یاریگا –
زاخۆ لە یارییەکی گرینگ و بەهێزدا لە نێو یاریگای خۆی رووبەڕووی شوڕتە دەبێتەوە، ئەیوب ئۆدیشۆی راهێنەریش ئامادەیی تیپەکەی بۆ ئەم یارییە راگەیاند.
لە گەڕی 24ـی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق، پێنج شەممە ( 26ـی ئاداری 2026 ) کاتژمێر 3:30ـی ئێوارە، زاخۆ لە یاریی لووتکەی ئەم گەڕەدا میوانداری شوڕتە دەکات، بۆ ئەم یارییە زاخۆ لە توانای ئەحمەد ئیبراهیم کاپتنی تیپەکە بە هۆی وەرگرتنی کارتی سوور لە یاریی رابردوو بێبەش دەبێت، محەمەد سەواڵەی لیبیش تا ئێستا بە تەواوی لە پێکانەکەی چاکنەبۆتەوە و ئەستەمە بەشداری یارییەکە بکات.
ئەیوب ئۆدیشۆ، راهێنەری زاخۆ وێڕای ئەوەی لە یاریی رابردوو بەرامبەر مووسڵ شکستی هێنا، ئامادەیی تیپەکەی بۆ یارییەکەی ئەمڕۆ راگەیاند و گووتی:
یاریی شوڕتە بۆ ئێمە گرینگە چونکە لە یاریی رابردوو شکستمان هێناوە و پێویستە ئەم یارییە سەرکەوتن تۆمار بکەین، بۆ ئەم مەبەستەش بۆ یارییەکە ئامادەین و یاریزانەکانیش بە پەرۆشەوە چاوەڕوانی ئەم یارییەن، شوڕتە یەکێک لە یانە بەهێزەکانی خولەکەیە و سەرکەوتن بەرامبەری ئاسان نیە، دەمانەوێت بەردەوام بین لە ئەنجامە باشەکانمان تایبەت لە نێو یاریگای خۆمان، ئامادەبوون و پاڵپشتی هاندەرانیش هۆکاری سەرەکی دەبێت بۆ بەدەستهێنانی ئەنجامێکی باش.
زاخۆ حەفت یاریی لە ژێر سەرپەرشتی ئەیوب ئۆدیشۆی راهێنەر کردووە کە پێنج سەرکەوتن و یەکسان بوونێک و شکستێکی هەیە، زاخۆ 40 خاڵی هەیە لە ریزبەندی حەفتەم دێت، شوڕتەش بە 49 خاڵ لە ریزبەندی سێیەمی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق دێت.



