بۆ یەکەمجار لە مێژوودا گۆڕانکارییەکی گەورە لە فۆرمولا وەندا دەکرێت
بەهۆی بارودۆخی ئەمنی

یاریگا –
بەڕێوەچوونی فۆرمولا وەن لە بەحرەین و سعوودیە هەڵوەشایەوە.
پێشبڕکێکانی فۆرمۆلا ون لە بەحرەین و سعودیە کە بڕیار بوو لە 12 و 30 نیسان لەو وڵاتانە بەڕێوەبچێت بەهۆی بارودۆخی ئەمنی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەڵوەشایەوە.
سەرچاوە نزیکەکانی FIA و رێکخەرانی پێشبڕکێکە هەروەها فۆرمولا وەن بە فەرمی رایانگەیاند، هەرچەندە دیار نییە تا ئەو کاتە شەڕەکە بەردەوام دەبێت یان نا، بەڵام تیمەکان دەبوو چەند هەفتەیەک بەر لە پێشبڕکێکە لەو وڵاتانەدا ئامادەکاری بکەن، ئەمەش بە لەبەرچاوگرتنی بارودۆخی ئێستا ناکرێت. هەر لەبەر ئەم هۆکارە بڕیار نییە پێشبڕکێکە لە شوێنێکی دیکە بەڕێوەبچێت و بەم شێوەیە ئەم وەرزەی فۆرمولا وەن لەبری 24 پێشبڕکێ بە 22 پێشبڕکێوە بەڕێوەدەچێت، کە ئەم بڕیارە زیانی مادی زیاتر لە 100 ملیۆن دۆلاری لە رێکخەرانی ئەم یارییە دەدات.
شایەنی باسە پلانەکانی بەڕێوەچوونی فۆرمۆلا 2 و فۆرمۆلا 3 و ئەکادیمیای F1 لە بەحرەین هەڵوەشاونەوە.
هەڵوەشاندنەوەی پێشبڕکێکانی بەحرەین و سعودیە وەستانێکی دوورودرێژ لە خشتەی فۆرمۆلا 1 دروست دەکات. ئێستا سێیەم پێشبڕکێی ئەم وەرزە پێشبڕکێی گەورەی ژاپۆن دەبێت کە بڕیارە لە 29ی ئازار بەڕێوەبچێت، دوای ئەوەش بە درێژایی مانگی نیسان هیچ پێشبڕکێیەک ناکرێت. پێشبڕکێکانی فۆرمۆلا وەن لە کۆتایی هەفتەی یەکەمی مانگی ئایاردا لەگەڵ پێشبڕکێی گەورەی مەیامی یەکشەممە 3ی ئایار دەستپێدەکاتەوە.



