ئیسپانیاگرنگترینمۆندیالی 2026

ناتوانیت باشترین یانەی جیهان رەتبکەیتەوە؛ رۆدری دەرگا بە رووی ریال مەدرید دەکاتەوە

گرێبەستەکەی لە 2027 لەگەڵ مان سیتی بەسەردەچێت

Yariga App

یاریگا –

رۆدری هێرناندێز، ئەستێرەی هێڵی ناوەڕاستی مانچێستەر سیتی و براوەی خەڵاتی باڵۆن دۆری ساڵی 2024، لە نوێترین چاوپێکەوتنیدا باسی لە داهاتووی خۆی کرد و نەیشاردەوە کە خوازیارە رۆژێک بگەڕێتەوە بۆ خولی ئیسپانی، تەنانەت ئەگەر ئەو وێستگەیە یانەی ریال مەدریدیش بێت.

ئاتلێتیکۆ نابێتە رێگر بۆ پەیوەندیکردن بە ریال 

لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی (Radio Estadio Noche)ـی سەر بە رادیۆی ئۆندا سێرۆ، کاتێک سەبارەت بە پەیوەندیکردنی بە ریال مەدرید پرسیاری لێکرا، رۆدری نەیشاردەوە ناتوانێت گرێبەستی ریال مەدرید رەتبکاتەوە.

یاریکردنم بۆ ئاتلێتیکۆ مەدرید لە رابردوودا، رێگریم لێ ناکات یاری بۆ ریال مەدرید بکەم. یاریزانی دیکەش هەبوون هەمان رێگەیان گرتووەتە بەر. کەس ناتوانێت ئۆفەری باشترین یانەکانی جیهان رەتبکاتەوە.

ئەم لێدوانەی رۆدری لە کاتێکدایە کە گرێبەستەکەی لەگەڵ مانچێستەر سیتی لە هاوینی 2027 کۆتایی دێت. هەروەها سەبارەت بە دەنگۆی گرنگیدانی فلۆرێنتینۆ پێرێز بە تواناكانی، ناوەڕاستکارە ئیسپانییەکە بەم جۆرە وەڵامی دایەوە…

نازانم و ئاگادار نیم، ئەوان راستەوخۆ قسەم لەگەڵ ناکەن، بەڵکوو قسە لەگەڵ بەڕێوەبەری کارەکانم دەکەن.

باڵۆن دۆر و رکابەریی لەگەڵ ڤینیسیۆس

رۆدری باسی لە بردنەوەی خەڵاتی باڵۆن دۆریش کرد و رەتیکردەوە هیچ کێشەیەکی لەگەڵ ڤینیسیۆس جونیۆر هەبێت…

پێم وایە هەندێک کەس دەیانویست من و ڤینیسیۆس بەگژ یەکدا بکەن، بەڵام بە هیچ شێوەیەک شتی وا نییە. رێزێکی زۆرم بۆ خۆی و ئەو کارانەش هەیە کە کردوویەتی.

یاریزانێکی جیاواز لەوانی دیکە

ئەستێرە تەمەن 29 ساڵانییەکە باسی لە شێوازی ژیانی سادەی خۆی کرد و تەنانەت ئاشکرای کرد کە بە یەکەم مووچەی ئۆتۆمبێلێکی دەستی دووی کڕیوە، چونکە نەیویستووە هەموو پارەکەی لە ئۆتۆمبێلێکی گرانبەهادا خەرج بکات.

لەوانەیە من یاریزانێکی نائاسایی بم، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانم نییە و تاتۆم نەکردووە. خوێندنی زانکۆ یارمەتیدام کەمێک لە تۆپی پێ دووربکەومەوە و لەگەڵ خەڵکی ئاساییدا تێکەڵ بم.

مۆندیال ئامانجی داهاتووە

لە کۆتاییدا، رۆدری گەشبینییەکی زۆری بۆ هەڵبژاردەی ئیسپانیا دەربڕی و بە بڕوابەخۆبوونێکی زۆرەوە وتی هەڵبژاردەکەی دەتوانێت مۆندیال بباتەوە.

ئێمە مۆندیال دەبەینەوە. لەگەڵ لویس دێ لا فوێنتێ دروشمێکی روونمان هەیە؛ هەر یارییەک وەک یارییەکی کۆتایی سەیر دەکەین و پێم وایە ئیسپانیا دەگاتە لوتکە.

بابەتی زیاتر

Back to top button