ئینگلتەراراپۆرتی تایبەتگرنگترین

سێ بژاردەی لەبەردەمدایە؛ وێستگەی داهاتووی یاریکردنی محەمەد سەڵاح لەکوێ دەبێت؟

دوایین ساتەکانی کاروانی یاریکردنی فیرعەنە میسڕییەکە لەکوێ دەبێت؟

Yariga App

یاریگا –

محەمەد سەڵاح، ئەفسانەی لیڤەرپوول، خەریکی نووسینەوەی کۆتا دێڕەکانی کاروانە مێژووییەکەیەتی لە ئانفێڵد و هێشتا نازانرێت وەرزی داهاتوو لە کام خول و یانە دەگیرسێتەوە.

بەفەرمی، فیرعەونە میسڕییەکە رایگەیاند لە کۆتایی وەرز ماڵئاوایی لە لیڤەرپوول دەکات، بەڵام یانەی داهاتووی یەکلایی نەکردەوە. رامی عەباس، بەڕێوەبەری کارەکانی یاریزانەکە، دەڵێت، “کەس نازانێت سەڵاح وەرزی داهاتوو لە کوێ یاری دەکات”.

تۆڕی ئاتلێتیک لە راپۆرتێکدا چەند بژاردەیەکی داهاتووی بەردەم سەڵاح دەخاتەڕوو.

سعوودیە: بەهێزترین بژاردە

بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕە ئەمەریکییەکە، سعوودیە، سەڵاح وەک گەورەترین ئامانجی خۆی دەبینێت. یانەی ئیتیحاد کە پێشتر 150 ملیۆن پاوەندی پێشکەش کردبوو، ئێستا بە رۆیشتنی کەریم بێنزێما، جارێکی دیکە دەرگای بۆ ئەستێرە میسڕییەکە کردووەتەوە. هەروەها، یانەی هیلال دەیەوێت سەڵاح بۆ بەهێزکردنی زیاتری پێکهاتەکەی و بۆ جامی جیهانیی یانەکان، سەڵاح بباتە ڕیزەکانی. بۆ سەڵاح، سعوودیە نەک هەر لە رووی داراییەوە قازانجێکی گەورە دەکات، بەڵکوو لەوێ وەک ‘پاشایەکی وەرزشی’ مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت.

 ئەمریکا؛ چوونە پاڵ مێسی

ئەگەر سەڵاح بیەوێت ببێتە رووخساری نوێی تۆپی پێی ڕۆژئاوا، خولی ئەمریکی چاوەڕێی دەکات و یەکێکی دیکەیە لە بژاردە سەرەکییەکان. دۆن گاربه‌ر، سەرۆکی خولی ئەمریکی رایدەگەیەنێت، پێشوازییەکی گەورە لە سەڵاح دەکەن و ئارەزوو دەکەن لە خولەکەیان یاریی بکات. یانەی نیویۆرک سیتی کە ساڵی داهاتوو یاریگایەکی نوێ دەکاتەوە، بۆ راکێشانی هاندەران بۆ ناو یاریگا نوێیەکەیان، سەڵاح وەکوو باشترین بژاردە دەبینن.

 مانەوە لە ئەوروپا؛ ئاڵەنگاریی بۆ لووتکە

سەڵاح لە پەیامی ماڵئاواییدا نووسیویەتی؛ “هەمیشە یەکێک دەبم لە ئێوە”، ئەمەش بەو واتایە لێکدەدرێتەوە؛ ئەستەمە روو لە یانەیەکی دیکەی ئینگلتەرا بکات و دڵی هاندەرانی لیڤەرپوول بشکێنێت. ئەگەر بیەوێت لە ئەوروپا بمێنێتەوە، تەنها یانە گەورەکانی وەک بارسێلۆنا یان ریال مەدرید بژاردەن، بەڵام ئامارەکانی ئەم وەرزەی سەڵاح (10 گۆڵ لە 36 یارییدا) نیشانەی ئەوەن تەمەن کاریگەرییەکی گەورەی  لەسەر درەوشانەوەی مۆ دروستکردووە، ئەمەش رەنگە یانە گەورەکانی ئەوروپا لە پێدانی مووچەیەکی زۆر بە ئەستێرەکەی رێدز دوودڵ بکات.

بڕیاری کۆتایی

سەڵاح دەیەوێت تاوەکوو تەمەنی 40 ساڵی لە یاریکردن بەردەوام بێت و بڕیاری داهاتووی دەدات؛ دەیەوێت وەکوو مێسی و رۆناڵدۆ ببێتە باڵیۆزی خولە نوێیەکان، یاخود بۆ دوایین جار لە کیشوەری ئەوروپا بۆ بردنەوەی نازناوی زیاتر بجەنگێت.

بابەتی زیاتر

Back to top button