200 ملیۆن یۆرۆ بۆ جێگرەوەی سەڵاح؛ لیڤەرپوول و ریال مەدرید شەڕ لەسەر ئەستێرەیەکی بایرن میونشن دەکەن
گەورەکانی ئەوروپا شەڕی بەدەستهێنانی ئەستێرەیەکی 24 ساڵان دەکەن

یاریگا –
دەنگۆی ڕۆیشتنی مایکڵ ئۆلیس، هێرشبەری فەڕەنسی بایرن میونشن، گەیشتووەتە ناو ژووری جلگۆڕینی یانەکە و پێش یارییە چارەنووسسازەکەیان بەرامبەر ریال مەدرید لە چامپیۆنزلیگ، باسەکە گەرمتر بووە.
پارەیەکی خەیاڵی بۆ جێگرەوەی سەڵاح
رۆژنامەی بێڵد بڵاویکردووەتەوە، لیڤەرپوول ئامادەیە بڕی 200 ملیۆن یۆرۆ بخاتە سەر مێزی یانە باڤارییەکە تاوەکوو ئۆلیس بکاتە جێگرەوەی محەمەد سەڵاح کە لە کۆتایی وەرز ئانفێڵد بەجێدەهێڵێت. لە لایەکی دیکەوە، فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی ڕیاڵ مەدرید، دوای وەرزێکی پڕ لە قەیران و لەپێناو ئاشتکردنەوەی هاندەران، دەیەوێت بە 160 ملیۆن یۆرۆ یاریزانەکە بباتە ڕیزەکانی یانەکەی. هاوکات مانچێستەر سیتیش بە وردی چاودێری بارودۆخی یاریزانەکە دەکات.
ئۆلیس لەم وەرزە ئاستێکی سەرسوڕهێنەری پێشکەش کردووە، 11 گۆڵی کردووە و 19 گۆڵیشی بۆ هاوتیمەکانی دروستکردووە. بەهای ئەستێرە 24 ساڵانییەکەی بایرن لە بازاڕی گواستنەوەی یاریزانان بۆ 140 ملیۆن یۆرۆ بەرزبووەتەوە و ئێستا بە بەهاترین یاریزانی بۆندسلیگایە.
بایرن میونشن سەرجەم ئۆفەرەکان رەتدەکاتەوە
سەرەڕای ئەم ئۆفەرە زەبەلاحانە، کارگێڕیی بایرن میونشن نیازی فرۆشتنی ئۆلیسیان نییە. ماکس ئێبێرل، بەڕێوەبەری وەرزشیی یانەکە بە رۆژنامەی بێڵدی راگەیاندووە بە هیچ شێووەیەک بیر لە دەستبەرداربوون لە ئۆلیس ناکەنەوە.
بایرن میونشن بە هیچ شێوەیەک لە بیرکردنەوەی ئەو بابەتە کات بە فیڕۆ نادات. ئۆلیس تاوەکوو ساڵی 2029 گرێبەستی لەگەڵمان هەیە و هیچ مەرجێکی هەڵوەشاندنەوە لە گرێبەستەکەیدا نییە، بۆیە زۆر ئارامین.
هەروەها، کریستیان دریسن، سەرۆکی جێبەجێکاری یانەکەش جەختی لەوە کردەوە کە ئۆلیس “بۆ فرۆشتن نییە”، و ئاماژەی بەوە کرد یاریزانەکە دەزانێت لە بایرن چی پێشکەش دەکرێت.
رووبەڕووبوونەوەی ریال مەدرید لە چامپیۆنزلیگ
بەگوێرەی زانیارییەکانی هەمان سەرچاوە، ئۆلیس لە میونشن زۆر ئاسوودەیە و تەنانەت ڤێلاکەی جیرۆم بواتینگ، بەرگریکاری پێشووی بایرن میونشنی بە کرێ گرتووە. لە7 و 15ـی مانگی داهاتوودا، ئۆلیس لە قۆناخی چارەکی کۆتایی چامپیۆنزلیگ رووبەڕووی ریال مەدرید دەبێتەوە، پێدەچێت بردنەوەی نازناوی چامپیۆنزلیگ لەگەڵ بایرن بە تەواوی یاریزانە لاوەکە قایل بکات کە هیچ پێویستییەکی بە چوون بۆ ریاڵ مەدرید یان ئینگلتەرا نییە.
ئۆلیس لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکان تاوەکوو ئێستا 93 یاریی بە درێسی بایرن میونشن کردووە، لەو ژمارە یارییە 35 گۆڵی کردووە و 50 گۆڵیشی بۆ هاوڕێکانی دروستکردووە.



