
یاریگا –
یانەی هەولێر بە فەرمی ناڕەزایەتی توندی خۆی بەرامبەر لێژنەی پێشبڕکێکانی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق دەربڕی و داوای یەکسانی و دادپەروەری دەکات لە دیاریکردنی کات و شوێنی یارییەکانی خولی ئەستێرەکانی عێراق.
کارگێڕی یانەی ههولێر له بهیاننامهیهكی فهرمی ئاماژە بەوە دەکات کە خشتەی گەڕەکانی 24 و 25 نەک تەنیا ماندووکەرە، بەڵکو بێبەشکردنی تیپەکەیە لە سەرەتاییترین مافەکانی وەک پشوو و ئامادەکاری.
مەینەتییەکانی گەشتی میسان و 800 کیلۆمەتر ڕێگا
بەپێی خشتەی دیاریکراو، یانەی هەولێر هەینی، 27ـی ئازار، کاتژمێر 03:30ـی پاشنیوەڕۆ لە میسان رووبەڕووی یانەی نەفت میسان دەبێتەوە.
کێشە گەورەکە لە دوای تەواوبوونی یارییەکەوە دەست پێ دەکات؛ شاندی یانەکە دەبێت 800 کیلۆمەتر بەرەو گهڕانهوه بۆ ههرێمی كووردستان ببڕێت.
ئەم گەشتە کە لانیکەم 10کاتژمێر دەخایەنێت و بەهۆی بوونی خاڵە ئەمنییەکانەوە درێژتر دەبێتەوە، وادەکات یاریزانان کاتژمێر 6ی بەیانی رۆژی شەممە بگەنەوە ماڵەکانیان، کە ئەمە لە رووی زانستی وەرزشییەوە کارەساتە بۆ جەستەی یاریزان.
نادادپەروەری لە نێوان هەولێر و زەوڕا
ئەوەی یانەی هەولێری تووشی نیگەرانیی قووڵ کردووە، کاتی یاریی داهاتوویانە بەرامبەر یانەی زەوڕا، کە تەنیا سێ رۆژ دوای یارییەکەی میسانە، واتە سێشەممە 31ـی ئازار یاریی دهكات. لە کاتێکدا یانەی زەوڕا دوو رۆژ پێش هەولێر یاریی خۆی لە بەغدا دهكات و هیچ کێشەیەکی گەشت و ماندووبوونی ڕێگای نییە، یانەی هەولێر دەبێت بە جەستەیەکی ماندوو و شەکەتەوە بەرامبەر تیپێکی پشووداو یاری بکات.
داواکارییەک بۆ فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق
یانەی هەولێر ئەم دۆخە بە نادادپەروەرییەکی ئاشکرا ناودەبات و بە فەرمی داوا لە فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق و لێژنەی پێشبڕکێکان دەکات پێداچوونەوە بەم بابەتەدا بکەن.
یانەکە جەخت دەکاتەوە کە پێویستە سیستمێکی دادپەروەرانە پەیڕەو بکرێت لە نێوان هەموو یانەکاندا و رەچاوی دووری جوگرافی و کاتی گەڕانەوەی شاندەکان بکرێت، تاوەکو هیچ یانەیەک نەبێتە قوربانی خشتەیەک کە لایەنگری بۆ تیپێکی تر تێدا بەدی دەکرێت.
ئێستا تۆپەکە لە گۆڕەپانی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراقدایە؛ ئایا داواکارییەکەی یانەی هەولێر بۆ چەسپاندنی یەکسانی و گۆڕینی کاتی یارییەکە جێبەجێ دەکرێت، یانهكهی قهڵاو مناره ناچار دەبێت لەژێر قورسترین فشاردا ڕووبەڕووی یەکێک لە جەمسەرە بەهێزەکانی بەغدا ببێتەوە؟



