ئه‌وروپائیسپانیاگرنگترین

چۆن برایم دیاز له‌ یه‌ده‌كه‌وه‌ بووە کلیلی سەرکەوتنەکانی ریاڵ مەدرید؟

دێربی مه‌درید خاڵی وه‌چه‌رخانی یاریزانه‌كه‌ بوو

Yariga App

یاریگا –

لە جیهانی تۆپی پێدا، هەندێک یاریزان هەن کە به‌بێده‌نگی کار دەکەن و چاوەڕێی هەلی خۆیان دەکەن، براهیم دیازیش باشترین نموونەی ئەم وەرزی یانەی ڕیاڵ مەدریدە.

رۆژنامەی مارکا لە راپۆرتێکی تایبەتدا تیشک دەخاتە سەر لەدایکبوونەوەی ئەم ئەستێرەیە، کە چۆن توانی لە یاریزانێکی یەدەك و دوور لە پێکهاتەی سەرەکی، ببێتە بڕبڕەی پشتی پلانەکانی ئاربیڵوا و کاریگەرترین یاریزانی ناو یاریگا.

سەبر و پیشەگەری؛ کلیلی سەرکەوتن

براهیم دیاز لە سەرەتای وەرزدا لەژێر سێبەری ناوی گەورەی وەک ئێمباپێ، بێڵینگهام و ڤینیسیۆسدا بوو. لە کاتێکدا زۆر کەس پێیان وابوو ئەو تەنیا بۆ پڕکردنەوەی کورسیی یەدەك لە مەدریدە، براهیم بە بێدەنگی و بەوپەڕی پیشەگەرییەوە بەردەوام بوو لە مەشقەکان.

مارکا ئاماژە بەوە دەکات کە براهیم هەرگیز سکاڵای نەکرد و هەر کاتێکیش بۆ چەند خولەکێکی کەم دەهاتە ناو یاریگا، بە رادەیەک دەجەنگا کە وەک بڵێی یاری کۆتایی چامپیۆنز لیگ ده‌كات

کۆنتڕۆڵکردنی دێربی و سەلماندنی جیاوازییەکان

خاڵی وەرچەرخانی براهیم لە یاری دێربی بەرامبەر ئاتلێتیکۆ مەدرید دەرکەوت. لە ئاماده‌نه‌بوونی ئێمباپێ و بێڵینگهامدا، براهیم نەک تەنیا شوێنی ئەوانی پڕکردەوە، بەڵکو رەهەندێکی نوێی بە هێرشبەریی ریاڵ بەخشی.

ئەو بە جووڵە خێراکانی، لێهاتوویی لە بڕینی یاریزانان و دروستکردنی ده‌رفه‌ت، سەلماندی کە تیپەکە لەگەڵ ئەودا هاوسەنگتر و مەترسیدارترە.

ئاربیڵوا، راهێنەری ریاڵ، ئێستا براهیم وەک نموونەیەکی باڵا بۆ یاریزانانی ئەکادیمیای یانەکە دەبینێت، چونکە نیشانیدا کە چۆن دەتوانرێت بە کارکردن پێگەی خۆت لە یانەیەکی وەک ریاڵ مەدرید بچەسپێنیت.


هاوسەنگییەک كه‌ ناوه‌ گه‌وره‌كان نەیانتوانی بیكه‌ن

شیکارییەکەی مارکا باس لەوە دەکات کە ریاڵ مەدرید لەگەڵ براهیم دیازدا شێوازێکی تەندروستتر یاری دەکات. بە پێچەوانەی ئێمباپێ و ڤینیسیۆس کە ئەرکی بەرگری فەرامۆش دەکەن، براهیم یاریزانێکی حه‌نگاوه‌ره‌؛ ئەو هاوکاری هێڵی ناوەڕاست دەکات و لە هەمان کاتدا لە هێرشبەریدا بێوێنەیە. ئەم تایبەتمەندییانە وایکردووە کە ئێستا دەست لێدان لە براهیم دیاز مەحاڵ بێت و بڕیاری دانیشاندنی لەسەر کورسیی یەدەك، بۆ هەر راهێنەرێک ببێتە سەرئێشە.

براهیم دیاز تەنیا یاریزانێکی بەهرەمەند نییە، بەڵکو چیرۆکی سەرکەوتنی ئیرادەیە بەسەر فەرامۆشکردندا. ئەو ئێستا نەک تەنیا خۆشەویستی هاندەرانی بێرنابیۆی بەدەستهێناوە، بەڵکو بووەتە هێزێکی راستەقینە کە ریاڵ مەدرید لە ململانێی نازناوەکاندا بە زیندوویی دەهێڵێتەوە.

وەک مارکا دەڵێت:

“براهیم دیاز سەلماندی کە بۆ درەوشانەوە، پێویستت بە ناوبانگی گەورە نییە، بەڵکو پێویستت بە دڵێکی گەورە و هەوڵێکی بێسنوور هەیە.”

 

بابەتی زیاتر

Back to top button