ئه‌وروپائینگلتەراگرنگترین

نەخشە نوێیەکەی ئارتێتا؛ ئارسیناڵ دوو ئەستێرەی بەڕازیڵی كردووته‌ ئامانج

چاوی بڕیوەتە دوو بەهرەمەندی سامبا

Yariga App

یاریگا –

کارگێڕی یانەی ئارسیناڵ بڕیاریداوە گۆڕانکارییەکی ستراتیژی لە هێڵی بەرگریدا بکات بۆ بازاڕی گواستنەوەی هاوینی 2026.

تۆڕی فیچاخێست یانە لەندەنییەکە بەدوای بەرگریکارێکی لای راستدا دەگەڕێت کە تایبەتمەندییەکی هێرشبەریی زیاتری هەبێت و کێبڕکێ لەگەڵ تیمبەر بکات، ئەمەش لە کاتێکدایە کە دەنگۆی جێهێشتنی یانەکە لەلایەن بێن وایتەوە لە ئارادایە.

وێسلی فرانکا؛ بژاردە رۆما

ئێستا وێسلی فرانکا لە سەرووی لیستی داواکارییەکانی ئارسیناڵدایە، ئەم یاریزانە 22 ساڵانەی یانەی رۆما، لە خولی ئیتاڵیا ئاستێکی سەرنجڕاکێشی نیشانداوە. وێسلی بەهۆی توانا جەستەییە بەهێزەکەی و دروستکردنی مەترسی لەسەر گۆڵی رکابەرەکان ناسراوە؛ ئەو لەم وەرزەی سێریا ئەی توانیویەتی گۆڵێک و  پێنج ئەسیست لە چەند یارییەکی کەمدا تۆمار بکات.

بەهای بازاڕی وێسلی نزیکەی 35  ملیۆن یۆرۆیە، بەڵام ئارسیناڵ لەم گرێبەستەدا بە تەنیا نییە، چونکە یانەکانی ریاڵ مەدرید و مانچێستەر سیتیش چاودێری دەکەن. گرێبەستەکەی لەگەڵ رۆما تاوه‌كو ساڵی 2030، ئەمەش وا دەکات دانوستانەکان کەمێک قورس بن.

ڤاندێرسۆن؛ ئەزموون و هاوسەنگی لە مۆناکۆوە

به‌ربژێری دووەم وه‌ك تۆڕی فیچاخێست ئاماژه‌ی پێكردووه‌  ڤاندێرسۆنی 24 ساڵانە، کە یاریزانی یانەی مۆناکۆی فەرەنسییە. ڤاندێرسۆن یاریزانێکی هاوسەنگە و ئەزموونێکی باشی لە خولی فەرەنسیدا هەیە، هەروەها حه‌فت یاری نێودەوڵەتی بۆ هەڵبژاردەی بەڕازیل كردووه‌.

ئارسیناڵ ڤاندێرسۆن وەک جێگرەوەیەکی گونجاو بۆ بێن وایت دەبینێت، بەتایبەت کە یانەکانی لیڤەرپوڵ و تۆتنهامیش ئارەزووی گواستنەوەی دەکەن.

لێهاتوویی ڤاندێرسۆن لەوەدایە کە دەتوانێت لە چەند سیستمێکی جیاوازی بەرگری و هێرشبەریدا خۆی بگونجێنێت، کە ئەمەش خاڵێکە میکێل ئارتێتا زۆر بایەخی پێ دەدات.

بژاردە جێگرەوەکان

جگە لەم دوو یاریزانە، ئارسیناڵ ناوی یاریزانانی وەک (تینۆ لیڤرامێنتۆ) و (نامدی کۆلینس)ی وەک بژاردەی یەدەك لە لیستەکەیدا داناوە بۆ حاڵەتی سەرنەگرتنی گفتوگۆکان لەگەڵ وێسلی و ڤاندێرسۆن.


ئارسیناڵ دەیەوێت بەم هەنگاوە وزەیەکی نوێ بە باڵی راستی بەرگریی خۆی ببەخشێت و ئاستی کێبڕکێی تیپەکە لە پرێمەرلیگ و چامپیۆنز لیگ لە لوتکەدا بهێڵێتەوە. بڕیارە لە هەفتەکانی داهاتوودا هەنگاوە فەرمییەکان بۆ گواستنەوەی یەکێک لەم دوو بەهرەمەندە بەڕازیڵییە دەست پێ بکەن.

بابەتی زیاتر

Back to top button