چاوەڕواننەکراو؛ ئەستێرەیەکی گەورە و ئەیسی میلان جیادەبنەوە
لە پێگەی یاریکردنی لە میلان دڵخۆش نییە

یاریگا –
رافایێل لیاو، ئەستێرەی پۆرتوگالی دەیەوێت لە کۆتایی ئەم وەرزە رافایێل لیاو ئەیسی میلان بەجێبهێڵێت.
ماوریزیۆ کۆمپپاگنۆنی، رۆژنامەنووسی تۆڕی سکای سپۆرتس بڵاویکردووەتەوە، لە یاریکردنی لەگەڵ میلان دڵخۆش نییە و نایەوێت چیدیکە لە دەرەوەی پێگەکەی دڵخوازی خۆی یاریی بکات، بۆیە بڕیاریداوە لە کۆتایی وەرز گۆڕانکاری لە وێستگەی یاریکردنی بکات.

بەگوێرەی زانیارییەکانی هەمان سەرچاوە، هەرچەندە لیاو و ئەیسی میلان تاوەکوو ساڵی 2029 گرێبەستیان هەیە، بەڵام یانەکە لاری نییە دەستبەرداری ببێت، ئامادەیە لە کۆتایی وەرز گفتوگۆ لەگەڵ یاریزانەکە بکات و گوێ لەو ئۆفەرانە بگرێت کە بۆ گواستنەوەی یاریزانەکە پێشکەشی دەکرێن.
هاوکات، دوێنێ تۆڕی تۆڕی سکای سپۆرتس بڵاویکردەوە، یانەی ئەیسی میلان لە ئێستاوە بناغە بۆ وەرزی داهاتووی دادەڕێژێت و کۆبوونەوەیەکی سێقۆڵی بۆ ئەو مەبەستە کردووە، دوای مسۆگەرکردنی بلیتی وەرزی داهاتووی چاپیۆنزلیگ، ماسیمیلیانۆ ئالێگری، راهێنەری میلان لەگەڵ پاولۆ فورلانی، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری یانەکە، ئیگلی تارێ، بەڕێوەبەری وەرزشیی یانەکە کۆبووەتەوە و پلان و بەرنامەکانی وەرزی نوێیان تاوتوێ کردووە.
هەمان سەرچاوە ئاشکرایکردووە، لە کۆبوونەوەکەدا یەکێک لە داواکارییەکانی ئالێگری، هێنانی یاریزانێکی باڵی هێرشبەری بووە.
لیاو لە ساڵی 2019 بە بەهای 50 ملیۆن یۆرۆ لە لیلی فەڕەنسییەوە پەیوەندی بە ریزەکانی رۆسێنێری کرد، تاوەکوو ئێستا لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکان 284 یاریی لەگەڵ یانە ئیتاڵییەکە کردووە، لەو ژمارە یارییە توانیەتی 80 گۆڵ بکات و 64 گۆڵیش دروستبکات.



