ئه‌وروپاگرنگترین

کڵۆپ باس لە دەنگۆکانی نزیکبوونەوەی ریال مەدرید دەکات؛ دەرگای گەڕانەوە بۆ راهێنەرایەتی بە کراوەیی دەهێڵێتەوە

"بە یەکجاری وازم لە کاری راهێنەرایەتی نەهێناوە"

Yariga App

یاریگا –

یورگن کڵۆپ دەرگای گەڕانەوە بۆ کاری راهێنەرایەتی یانەیەکی تۆپی پێ بە کراوەیی دەهێڵێتەوە و دەڵێت بە یەکجاری وازی نەهێناوە.

کڵۆپ لە مانگی یەکی ساڵی 2025ـەوە بەرپرسی تۆپی پێی کۆمپانیای رێد بوڵە بەڵام بەردەوام ناوی بە راهێنەرایەتی یانەکانی تۆپی پێ دەبەسترێتەوە، بەتایبەت ریال مەدرید و هەڵبژاردەی ئەڵمانیا.

راهێنەرەکەی پێشووی لیڤەرپوول، لە نوێترین لێدوانیدا لەگەڵ MagentaTVـی ئەڵمانی تەواوی دەنگۆکانی بە ‘بێبنەما’ لە قەڵەم دا بەڵام دەرگای گەڕانەوەی بە یەکجاری دانەخست. کڵۆپ رایدەگەیەنێت ئێستا بیر لە گەڕانەوە ناکاتەوە و ئێستا وەرگرتنی ئەرکی راهێنەرایەتی ریال مەدرید دوورە لە راستییەوە.

ئەگەر گرێبەستم لە ریال مەدریدەوە بەدەست گەیشتبایە، ئێستا هەمووان گوێبیستی دەبووین، بەڵام هەموو ئەوانە بێبنەمان، تەنانەت جارێکیش پەیوەندییان پێوە نەکردووم، قسەیان لەگەڵ بریکارەکەشم نەکردووە.

لەبارەی هەڵبژاردەی ئەڵمانیش کڵۆپ پرسیاری لێ دەکرێت و ئاشکرای دەکات بە هیچ شێوەیەک بیری لەو پۆستە نەکردووەتەوە.

هەزاران جار باسی ئەو بابەتەم کردووە، بەڵام ئێستا بە هیچ جۆرێک بیری لێ ناکەمەوە.

راهێنەرە 58 ساڵانییەکە لەبارەی گەڕانەوەی لە داهاتوودا ئەگەرەکان بە کراوەیی جێدەهێڵێت و رایدەگەیەنێت رەنگە لە ئایندەیەکی نزیکدا بگەڕێتەوە.

هێشتا بە تەواوەتی دەستم لە کاری راهێنەرایەتی هەڵنەگرتووە، کێ دەزانێت لە چەند ساڵی داهاتوودا چی روودەدات، بەڵام ئێستا هیچ پلانێکم لەوبارەیەوە نییە.

کڵۆپ ئەوەشی روونکردەوە بیری لە جیابوونەوە لەگەڵ رێد بوڵ نەکردووە و پێدەنێتە ساڵی دووەمی لەگەڵ کۆمپانیاکە، کە سەرپەرشتی یانەکانی لایپزیگی ئەڵمانی، رێد بوڵ سالسبورگی نەمسایی، رێد بول نیویۆرکی ئەمریکی، پاریس لە فەڕەنسا و چەندین یانەی دیکە لە ئەمریکای باشوور و ئاسیا دەکات.

لە ماوەکانی رابردوو، ئۆلیڤەر مینتسلاف، بەڕێوبەری کارگێڕیی کۆمپانیای رێد بوڵ دەنگۆکانی رۆیشتنی یۆرگن کڵۆپ بەهۆی ئەنجامی یانەکانی کۆمپانیاکە رەتکردەوە.

ئەو قسانە بێمانان و بە تەواوەتی هەڵبەستراون، بە پێچەوانەوە، زۆر لە کارەکانی یۆرگن کڵۆپ رازین. کارێکی زۆر نایابی کردووە و بەردەوام لەگەڵ راهێنەران و بەڕێوبەرانی وەرزشی یانەکان لە پەیوەندیدایە، لە پەرەپێدانی فەلسەفەی تۆپی پێی رێد بوڵ بە شێوازێکی گونجاو بەردەوامە، پێمان وایە کڵۆپ باشترین کەسە بۆ ئەو پۆستە، کە ئێمە هەموو سەرنج و وزەیەکمان بۆ ئەو بوارە تەرخان دەکەین.

بابەتی زیاتر

Back to top button