ریال مەدرید و لیڤەرپوول کێبڕکێی گواستنەوەی ئەستێرەیەکی چێڵسی دەکەن
چەندین یانەی ئەوروپا هەوڵی بەدەستهێنانی یاریزانەکە دەدەن

یاریگا –
جۆشوا ئاچێمپۆنگ، بەرگریکاری لاوی یانەی چێڵسی بووەتە ئامانجی گەورەکانی ئەوروپا.
ماڵپەڕی کاوت ئۆفساید بڵاویکردووەتەوە، چەندین یانەی گەورە، لەنێویاندا ریال مەدرید، لیڤەرپوول، بۆرووسیا دۆرتمۆند و نیوکاسڵ هەوڵی بەدەستهێنانی واژۆی بەرگریکارە لاوەکە دەدەن.

بەگوێرەی زانیارییەکانی هەمان سەرچاوە، ریال مەدرید لەپێشترین یانەیە بۆ گواستنەوەی ئاچێمپۆنگ. بەرپرسانی مێرەنگی بە بەرزی باڵا و توانای یاریزانەکە لە رووبەڕووبوونەوە دوانییەکان سەرسامن، بۆیە بایەخێکی زۆر بە گواستنەوەی دەدەن، بەڵام مەدرید بەتەنیا نییە و لیڤەرپوول ئارەزووی گواستنەوەی دەکات چونکە بەرگریکارێکی تاکتیکییە و توانایەکی باشی لە بنیاتنانی یارییدا هەیە.
ماڵپەڕەکە ئەوەشی خستووتەڕوو، چێڵسی نیازی دەستبەرداربوونی لە بەرگریکارە لاوەکەی نییە و داهاتوویەکی گەورەی لە پرۆژەکەی یانەکەدا هەیە.
گرێبەستی ئاچێمپۆنگ لەگەڵ چێڵسی تاوەکوو هاوینی ساڵی 2029 درێژەی هەیە، بە کۆی گشتی لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکان 38 یاریی بە درێسی بلووز کردووە.



