ئیسپانیافه‌ره‌نسا

بێدەنگی تیمەکانی دیکە دەسەڵاتی زۆری پێداون؛ تێباس هێرش دەکاتە سەر پاریس سانجێرمان

Yariga App

یاریگا –

سەرۆکی لالیگا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ لیکیپی فەڕەنسی رەخنە لە دەسەڵاتی گەورەی پاریس سانجێرمان لە تۆپی پێی فەڕەنسا دەگرێت.

خاڤیێر تێباس، سەرۆکی لالیگا سوودی لە گەشتێکی بۆ فەڕەنسا وەرگرت تاوەکوو چەند قسەیەکی بەهێز سەبارەت بە پاریس سانجێرمان و دەسەڵاتە زۆرەکەیان لە تۆپی پێی فەڕەنسی بکات. لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ لیکیپی فەڕەنسی باسی چەند بۆچوونێکی کرد. تێباس گوتی کە پاریس سانجێرمان دەسەڵاتێکی زۆر زۆری هەیە بەهۆی ئەوەی تیمەکانی دیکە بێدەنگ دەبن و دەترسن قسە بکەن. باوەڕیشی وایە بە مانەوەیان بە بێدەنگی یارمەتی پاریس سانجێرمان دەدەن هەمووشتێک لەژێر کۆنتڕۆڵی خۆی بهێڵێتەوە.

تێباس بە رۆژنامەکەی گوت، “پاریس سانجێرمان بەهێزە چونکە ئەوانی یدکە هیچ ناڵێن”. ئەو پێی وایە پێویستە ئەمە لە تۆپی پێی فەڕەنسیدا بگۆڕێت، روونیشیکردەوە کە ئەو دەیەوێت پاریس سانجێرمان تیمێکی گەورە بێت کە یارییەکان بباتەوە، بەڵام پێی وانییە پێویست بکات هێندە کۆنتڕۆڵی بەسەر هەموو ئەوانی دیکەدا هەبێت. هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد کە پاریس سانجێرمان کاریگەرییەکانی لە مێدیا بەکاردەهێنێت، بەتایبەتیش لە رێگەی بیئین سپۆرتسەوە.

کاتێک لەبارەی ئەم پەیوەندییە خراپە لەگەڵ ناسڕ خلێفیی سەرۆکی پاریس سانجێرمانەوە پرسیاری لێکرا، تێباس روونی کردەوە کە ئەو شەڕ لەگەڵ خودی یانەکە ناکات. بەڵکوو دژی ئەو شێوازەیە کە مامەڵەی پێ لەگەڵ پارەکانیان دەکەن. ئەو دەڵێت ئەوان یاسای یاریی خاوێنیان شکاندووە کە بڕیاربوو راستگۆیی خەرجکردنی پارە لە تۆپی پێدا بهێڵێتەوە.

تێباس هەردوو یانەی پاریس سانجێرمان و مانچێستەر سیتی بە دەوڵەت ناوبرد کە خاوەنی یانەکانن چونکە لەلایەن وڵاتانەوە خاوەندارییەتی دەکرێن. ئاماژەی بەوەش کرد کە ماوەیەکی زۆرە ئەم یانانە هەموو ساڵێک بڕە پارەیەکی یەکجار زۆر لەدەست دەدەن. دانی بەوەشدانا کە پێدەچێت پاریس بەم دواییانە مامەڵەیەکی باشتر بە پارەکانییەوە دەکات، بەڵام هێشتا زۆر دژی بیرۆکەی سەرۆکەکانیانە لەبارەی تۆپی پێوە.

ئەم لێدوانانەی تێباس ئێستا زۆر گرنگە بەهۆی ناکۆکی نێوان لانس و پاریس سانجێرمان. زۆرینەی تیمەکان بەگشتی بە گۆڕینی بەرواری یارییەکانیان رازی دەبن ئەگەر پاریس داوای پشووی زیاتر بکات، پێش یارییە گەورەکانی چامپیۆنزلیگ. لەگەڵ ئەوەشدا ئێستا لانس رێک ئەوە دەکات کە تێباس دەڵێت دەبێت بیکەن: رەتی دەکەنەوە بێدەنگ بمێننەوە، بەوەی رەزامەند نین بە گۆڕینی بەرواری یارییەکەیان لە 11ـی نیسان.

داوای یەکسانی دەکەین؛ لانس دژی دواخستنی یارییەکەی بەرامبەر پاریس سانجێرمانە

بابەتی زیاتر

Back to top button