ئیسپانیاگرنگترین

نهێنییەكی مەترسیدار؛ ریال مەدرید هەڵەی لە دەستنیشانكردنی پێكانەكەی ئێمباپێ كردووە

پشكنین بۆ ئەژنۆ هەڵەكەی كیلیان كراو

Yariga App

یاریگا –

دانیال ریۆلۆ، رۆژنامەنووسێكی فەڕەنسی دەربارەی ئەو پێكانەی كیلیان ئێمباپێ لە ئەژنۆی چەپیدا تووشی بوو، تۆمەتی مەترسیداری ئاڕاستەی ریال مەدرید كرد.

ئێمباپێ لە کانوونی یەکەمی رابردوودا لەگەڵ ریال مەدرید تووشی پێکان بوو، سەرەڕای ئازارەکانی بەشداری لە یارییەکاندا دەکرد، دواتر لە یارییکردن وەستا و راوێژی بە پزیشکێکی ناوداری فەڕەنسا کرد، پێش ئەوەی بەم دواییانە بگەڕێتەوە ناو پێکهاتەی تیمەکە و وەکو یاریزانی یەدەک بەرامبەر مانچسێتەر سیتی لە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا و ئەتلەتیکۆ مەدرید لە لالیگای ئیسپانیا بەشداریبکات.

كیلیان ئێمباپێ لەلایەن هەڵبژاردەی فەڕەنساوە بۆ دوو یاریی دۆستانەی داهاتوو بەرامبەر هەڵبژاردەكانی بەڕازیل و كۆڵۆمبیا بانگهێشتكراوە.

ئێمباپێ دووپاتیكردەوە كە بەتەواوەتی لە پێكانەكەی چاكبووەتەوە و ئامادەیە بۆ یارییكردن:

هەلم بۆ رەخسا لە پاریس دەستنیشانکردنێکی باش بۆ پێکانەکەم بکرێت، پێکەوە توانیمان پلانێک دابڕێژین بۆ گەڕانەوەم بۆ باشترین ئاستم لەگەڵ ریال مەدرید، هەروەها لەگەڵ گرنگیدان بە مۆندیالیش.

راهاتووین گوێمان لە خەڵک بێت شت دەڵێن بەبێ ئەوەی لێكۆڵینەوە بكەن یان پشت بە هیچ بنەمایەک ببەستن.

هەڵەیەكی گەورە لە دەستنیشانكردنی پێكانەكەی

بە گوێرەی زانیارییەكانی بەرنامەی “After Foot” کە لە رادیۆی RMC پەخش دەکرێت، ریۆلۆ باسی لە پێکانەکەی ئێمباپێ کرد و گوتی: ئێمباپێ سەردانی یەکێک لە دیارترین پسپۆڕانی ئەژنۆی لە فەڕەنسا کرد، لە هەمان کاتدا دەزانین کە هەڵەیەک لە دەستنیشانکردنی پێکانەکەیدا لە مەدرید هەبووە، كیلیان لەو دەستنیشانکردنە رازی نەبوو و تەنانەت توڕەش بوو، هات بۆ لای پزیشکێک لە فەڕەنسا، وەک دەردەکەوێت پزیشکەکە بەو ئەنجامە گەیشتووە کە لە مەدرید خزمەتێکی باشیان پێ نەکردووە.

بۆ ریال مەدرید، ئەوەی روویدا شەرمەزارییەکی تەواوە، پێم وایە ئێمباپێ لە خراپترین سیناریۆ رزگاری بوو. ئەو هەڵەیە لە دەستنیشانکردنی پێکانەکەیدا كرا دەکرا زۆر مەترسیدارتر بێت، چونکە كیلیان کاتێکی زۆری پێچوو تا کێشە راستەقینەکەی خۆی بۆ دەرکەوت، تەنانەت چەند یارییەکی كرد بەبێ ئەوەی بە وردی بزانێت دۆخی چۆنە، دەکرا لە ئەژنۆیدا تووشی پێکانێکی زۆر سەختتر ببێت.

دوای دەستنیشانکردنە هەڵەکە لە یارییكردن بەردەوام بوو، بەڵام هێشتا هەستی بە ئازار دەکرد و دەركەوت دۆخی تەندروستی باش نییە، ئێستا لەژێر دەستی یەکێک لە باشترین پزیشکەکاندایە و دڵنیایکردووەتەوە کە باشە.

ئەوەی دەگوترێت ئەوەیە کە هەڵەکە زۆر گەورە بووە، دەنگۆی ئەوە هەیە کە لە ریال مەدرید پشکنینیان بۆ ئەو ئەژنۆ كردووە كە تەندروستە.

ئێمباپێ لەم وەرزەدا بەشداری لە 35 یاریی كردووە و توانیویەتی 38 گۆڵ بكات و 6 گۆڵیش درووستبكات.

بابەتی زیاتر

Back to top button