
یاریگا –
بەڕێوەبەری كارەكانی بێنیامین شێشكۆ، هێرشبەری سلۆڤینی یانەی مانچێستەر یونایتدی ئینگلیزی نیگەرانە لەو رۆڵەی یاریزانەكە لە پێكهاتەكەی مایكڵ كاریک دەیگێڕێت.
شێشكۆ لە هاوینی رابردوو لە ریزەكانی لایپزیگەوە بە بەهای 76 ملیۆن یۆرۆ پەیوەندی بە مانچێستەر یونایتدەوە كرد و تاوەكو 2030 گرێبەستی لەگەڵ ئەو یانەیە واژۆ كردووە.
مایكڵ كاریک لەوكاتەوەی پۆستی راهێنەرایەتیكردنی شەیتانە سورەكانی وەرگرتووە شێشكۆ وەكو هێرشبەرێكی یەدەک بەكاردەهێنێت، هەرچەندە لە كاتی هاتنە ناوەوەیشیدا چەندین جار یاریی بۆ یانەكەی یەكلاكردووەتەوە.
كاریک لە مانگی یەكدا لە دوای دوورخستنەوەی روبن ئامۆریم پۆستی راهێنەرایەتی مانچێستەر یونایتدی وەرگرت و هاوسەنگی بۆ یانەكە گەڕاندەوە و تەنیا یەكجار تووشی شكست بوون.
بێنیامین شیشكۆ سوودی لە گۆڕینی راهێنەر بینیوە و توانیویەتی لە هەشت یاری رابردوودا پێنج گۆڵ بكات، سەرەڕای باشتربوونی ئامارەكانی، رۆڵی ئەو لەناو یانەكەدا مشتومڕی لێكەوتۆتەوە، چونكە وەكو كارتی بردنەوە لەسەر كورسی یەدەكەوە بەكاردەهێنرێت.
ئێلفیس باسانۆڤیچ، بەڕێوەبەری كارەكانی بێنیامین شێشكۆ لە لێدوانێكیدا بۆ رۆژنامەیەكی سلۆڤینی گوتی؛
ئەگەر پرسیارم لێ بكەیت سەبارەت بە ناونانی بە یەدەكی سەرسوڕهێنەر، ئەوا حەزم بەوە نییە، پێم باشترە وەكو هێرشبەرێكی ناوازە وەسف بكرێت، چونكە بێنیامین هێرشبەرێكی تەواوە و شایەنی ئەم نازناوەیە.
شێشكۆ لە 13 یاریی بە سەرەكی بەشداری كردووە و لە 13 یاریی تریشدا وەك یەدەک هاتووەتە ناوەوە، نیوەی گۆڵەكانی وەكو یاریزانی سەرەكی و نیوەكەی تری وەک یەدەک كردووە، ئەمەش توانای ئەو بۆ كاریگەری دروستكردن لە هەموو بارودۆخێكدا دەسەلمێنێت.
شێشكۆ لەگەڵ مانچێستەر یونایتد بەشداری لە 28 یاریی كردووە، توانیویەتی 10 گۆڵ بكات و گۆڵێكیش درووستبكات.



