
یاریگا – ئاتلێتیک
بەخێربێن بۆ زنجیرەی ئەم هەفتەیەی ‘ناوماڵی ریال مەدرید‘ کە زنجیرەیەکی هەفتانەیە و تۆڕی یاریگا و ئاتلێتیک بە درێژایی وەرزی 2025/2026 پێشکەشتانی دەکەن.
هەموو هەفتەیەک زانیاریی ورد، شیکاریی سەرەکی و گرنگترین زانیارییەکانی ناو یانەی ریال مەدرید پێشکەشی هاندەرانی مێرێنگی دەکەین.
ئەم زانیارییانە رەنگدانەوەی چەندین گفتوگۆیە لەگەڵ سەرچاوە جیاوازەکانی ریال مەدرید و زانیارییەکان تەواو متمانەپێکراون.

زۆرترین قسە و باسی ئێستای ریال مەدرید چییە؟
ریال مەدرید دریژەی بە سەرکەوتنە یەک لەدوای یەکەکانی دا و 3-2 دێربی لە ئاتلێتیکۆ مەدرید بردەوە، بەوەش جیاوازی خاڵەکان لەگەڵ بارسێلۆنای پێشەنگ بۆ چوار خاڵ کەمکردەوە و پێنج سەرکەوتنی لەسەریەکی لەژێر سەرپەرشتی ئالڤارۆ ئاربێلوا نووسیەوە. چوار لە بردنەوەکانی ریال مەدرید بە سەرپەرشتی ئاربێلوا، بەرامبەر یانەکانی (سێڵتا ڤیگۆ، ئێڵچێ، مانچێستەر سیتی و ئاتلێتیکۆ مەدرید) بوو کە لە کاتی چابی ئاڵۆنسۆ مێرەنگی نەیتوانیبوو سەرکەوتنیان بەرامبەر بەدەستبهێنێت.
ئاربێلوا بە سەرەتایەکی سەخت لەگەڵ ریال مەدرید تێپەڕی و ئەگەری دوورخستنەوەی لێدەکرا، بەڵام دوای سەرکەوتن بەرامبەر جۆزێ مۆرینیۆ، پێپ گواردیۆلا و دیێگۆ سیمیۆنی، پێگەیەکی خۆی لای بەرپرسانی ریال مەدرید بەرزکردووەتەوە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی ئاتلێتیک، کەشی ژووری خۆگۆڕینی ریال مەدرید زۆر ئارامە، پەیوەندی نێوان ئاربێلوا، ستافی راهێنەران و یاریزانەکان لە ئاستێکی زۆر بەرزدایە، بەتایبەت ڤینیسیۆس و ڤاڵڤێردی کە بووەتە یارمەتیدەرێکی گەورە لە بردنەوەی یارییەکان.
ڤینیوسیۆس لە دێربی دوو گۆڵی کرد و بەکۆی گشتی لە 16 یاریی لەگەڵ ئاربێلوا، 11 گۆڵی کردووە. ڤاڵڤێردی لە 17 یاریی لەگەڵ راهێنەرە ئیسپانییەکە 7 گۆڵی کردووە و 4 گۆڵیشی دروستکردووە.

ڤاڵڤێردی چەند یاریی رادەگیرێت؟
لویس مۆنتێرۆ، ناوبژیوانی یارییەکە، لە راپۆرتی دوای یارییەکە ئاماژەی بەوە داوە، ڤاڵڤێردی لە ئەلکێس بایێنای داوە لە کاتێکدا تۆپی لێ نزیک نەبووە، بۆیە بەگوێرەی یاساکانی لالیگا، ئەگەر زۆرە بۆ دوو یاریی رابگیرێت.

دوورخستنەوەی ترێنت ئالێکساندەر ئارنۆڵد
ترێنت ئالێکساندەر ئارنۆڵد بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو لەلایەن ئاربێلوا سزادرا و لە پێکهاتەی سەرەکی ریال مەدرید دوورخرایەوە. ئارنۆڵد ماوەی 20 خولەک لە راهێنانەکان دواکەوتووە، بۆیە ئاربێلوا بڕیاریداوە یاریزانەکە وەکوو سزایەک لە پێکهاتەی سەرەکی دووربخاتەوە.
تۆڕە ئەمریکییەکە لە زاری چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار زانیویەتی، ئاربێلوا خۆی ئارنۆڵدی لە بڕیارەکەی ئاگادارکردووەتەوە، یاریزانەکەش داوای لێبووردنی لە راهێنەر، دانی کارڤاخاڵ، کاپتنی تیپەکە و تەواوی یاریزانەکانی دیکە کردووە.

گەڕانەوەی بێلینگهام
بێلینگهام لە دوای مانگی دووی ئەمساڵەوە بۆ یەکەم جار گەڕایەوە نێو یاریگا و سەرئێشەیەکی گەورەی بۆ ئاربێلوا لە دیاریکردنی پێکهاتەی سەرەکی یانەکە دروستدەکات.
لە کۆنگرەی رۆژنامەوانی دوای یارییەکە، ئاربێلوا دانی بەوە دانا گەڕانەوەی بێلینگهام دیاریکردنی پێکهاتەی سەرەکی قورس دەکات و دەبێت پێگەیەکی بۆ بدۆزێتەوە کە تێیدا باشترین ئاست پێشکەشدەکات.
لە یارییەکانی داهاتوو دەیبینین، کێشەکە ئەوەیە ئەو لە هەموو شتێکدا نایابە، بۆیە پێویستە خۆت یەکلایی بکەیتەوە بە چ شێوازێک بەکاریدەهێنیت.



