
یاریگا –
ویلیام سالیبای بەرگریکاری ئارسیناڵ لە پێکهاتەی فەڕەنسا بۆ یاریی دۆستانەکانی ئەم مانگە دوورخرایەوە.
فیدراسیۆنی تۆپی پێی فەڕەنسی لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند کە سالیبا دووبارە ئازار لە قولەپێی چەپیدا دروست بووەتەوە، کە پێویستی چارەسەر و بەلایەنی کەمەوە 10 رۆژ پشوو هەیە. دوای دوورخستنەوەی سالیبا، ماکسین لۆکرۆیی بەرگریکاری کریستاڵ پاڵاس لە جیگەی بانگێشتی هەڵبژاردەکە کرا.
سالیبا 90 خولەک لەگەڵ ئارسیناڵ بەشداریی یاریی کۆتایی جامی کاراباوی کرد کە 2-0 بەرامبەر مانچێستەر سیتی لەنێو وێمبڵی شکستیان هێنا.
لۆکرۆی بە تەمەنی 25 ساڵی یەکەمجارە بانگێشتی هەڵبژاردەی فەڕەنسا دەکرێت و دەرفەتی بانگێشتکردنی بۆ جامی جیهانیی بەرز دەبێتەوە. ئەم وەرزە لەگەڵ کریستاڵ پاڵاس لە سەرجەم پاڵەوانییەتییەکاندا بەشداریی 43 یاریی کردووە و یاریزانێکی کاریگەری پێکهاتەی ئۆلیڤەر گلاسنەرە.
فەڕەنسا لە 26 ئازار رووبەڕووی بەڕازیل دەبێتەوە پێش ئەوەی لە 29ـی ئازار بەرامبەر کۆڵۆمبیا یاریی بکات. خاوەن پلەی دووەمی جامی جیهانیی 2022 لە گروپی هەشتەم دێت لە جامی جیهانیی 2026 کە لە ئەمریکا، کەنەدا و مەکسیک ئەنجام دەدرێت، لەپاڵ هەریەکە لە سێنێگال، نەرویج و براوەی پاشکۆی پاڵاوتنەکان.



