
یاریگا –
ئیزی لە یاریی کۆتایی جامی کاراباو بەرامبەر مانچێستەر سیتی بەهۆی پێکانەوە بەشداریی نەکرد و لە پێکهاتەی ئینگلتەراش دوورخرایەوە.
هێرشبەری باڵی نیوکاسڵ، هارڤی بارنێس وەکوو جێگرەوە بۆ ئێبێرێچی ئیزێی پێکراو بانگێشتی هەڵبژاردەی ئینگلتەرا دەکرێت. بارنێس بۆ دووەم جارە بانگێشتی هەڵبژاردەکەی دەکرێت ئەمەش دوای شەش ساڵ لە یەکەم بانگێشتکردنی. دوایین جار لە تشرینی یەکەم/ئۆکتۆبەری 2020 بانگێشتی پێکهاتەی ئینگلتەرا کرا، تەنیا یاریی دۆستانە بەرامبەر وێڵز بەشداریی کرد.
ئەم وەرزە بارنێس بەشێکی گرنگی پێکهاتەکەی ئێدی هاو بووە، 14 گۆڵی کردووە و پێنج گۆڵیشی دروستکردووە لە 50 یاریی سەرجەم پاڵەوانییەتییەکان. هێرشبەرە ئینگلیزییەکە تەنیا یەک یاریی پرێمەرلیگ بێبەش بووە و هەر 12 یارییەکەی چامپیۆنزلیگ بەشداریی کردووە.
سکۆتلەندا بەم دواییانە هەوڵیدا بارنێس رازی بکات تاوەکوو پێش جامی جیهانیی هەڵبژاردەکەی بگۆڕێت، کە هێرشبەرەکەی نیوکاسڵ لە بابەگەورە و دایەگەورەیەوە رەچەڵەکی دەچێتەوە سەر سکۆتلەندییەکان. بارنێس ئەو پێشنیازەی رەتکردەوە و ئامادەیە ببێتە بەشێک لە پێکهاتەکەی تۆماس تۆخێل بۆ یارییە دۆستانەکانی داهاتووی هەڵبژاردەکە بەرامبەر ئۆرۆگوای و ژاپۆن، ئەگەرچی تاوەکوو ئێستا بانگێشتکردنی فەرمی نییە.
ئینگلتەرا لە 27 و 31ـی ئازار بەدوای یەکدا رووبەڕووی ئۆرۆگوای و ژاپۆن دەبێتەوە، هەردوو یارییەکەش لە یاریگای وێمبڵی ئەنجام دەدرێت.



