
یاریگا –
دیێگۆ پابلۆ سیمیۆنی لە ئێستاوە دەزانێت بۆ یاریی داهاتوو بەهۆی راگیرانەوە دوو یاریزانی سەرەکی لەدەست دەدات.
جۆنی کاردۆسۆ و مارکۆس یۆرێنتی، هەردوو ناوەڕاستکارەکەی ئاتلێتیکۆ مەدرید یاریی داهاتووی لالیگا بەرامبەر بارسێلۆنا بێبەش دەبن. هەردوو یاریزانەکە لە دێربی مەدرید بەرامبەر ریال مەدرید پێنجەم کارتی زەردیان لەم وەرزەی لالیگا وەرگرت و بەو هۆیەوە یارییەک رادەگیرێن.
ناوەڕاستکارە ئەمریکییەکە، کاردۆسۆ لە خولەکی 27 بەهۆی فاوڵێکەوە لەسەر ڤینیسیۆس جونیۆر کارتی زەردی پێدرا. لە کاتێکدا ناوەڕاستکارە ئیسپانییەکە، یۆرێنتێ لە خولەکی 68 کارتی زەردی پێدرا.
ئەمە گورزێکی گەورەیە بەر سیمیۆنی دەکەوێت، چونکە دوو کەرەستەی گرنگ لە هێڵی ناوەڕاست لە یارییەکی گرنگ بەرامبەر پێشەنگی خولەکە لەدەست دەدات. یارییەکە راستەوخۆ دوای پشووی یاریی هەڵبژاردەکان لەنێو مێترۆپۆلیتانۆ بەڕێوەدەچێت، ئاتلێتیکۆش دەبێت رێگەیەک بدۆزیتەوە بۆ شوێنگرتنەوەیان.



