
یاریگا –
دۆخی ئانتۆنیۆ رودیگەر، بەرگریکاری ریال مەدرید گۆڕانکاری بەسەرداهاتووە و ئێستا لە هەموو کاتێک لە نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی نزیکترە.
رۆژنامەی ئاس بڵاویکردووەتەوە، نوێكردنەوەی گرێبەستی رودیگەر ئەگەرێكی كراوەیە و یانەكە بە تەواوەتی لە ئاستی ئەم دواییەی یاریزانەكە رازییە و جارێکی دیکە بووەتە یاریزانێکی گرنگ و لە سەرجەم یارییەکانی ئەم دواییە بە سەرەکی بەشداریی کردووە.
Giro radical en el ‘caso Rüdiger’https://t.co/QSLd11wlvV
— Diario AS (@diarioas) March 22, 2026
هاوکات، دوێنێ شەممە، 21ـی ئادار لە کۆنگرەی رۆژنامەوانی پێش یارییەکەی ئاتلێتیکۆ مەدرید، ئالڤارۆ ئاربێلوا، راهێنەری ریال مەدرید ستایشی بەرگریکارە ئەڵمانییەکەی کرد.
حەزدەکەم پەیکەرێک بۆ رودیگەر دروستبکەم و لە باخچەی ماڵەکەم دایبنێم.
بەگوێرەی زانیارییەکانی هەمان سەرچاوە، چەند مانگێک لەمەوبەر بەهۆی پێکانی ئەژنۆیەوە، یانەی شاهانە بیری لە نوێکردنەوەی گرێبەستی رودیگەر نەدەکردەوە، بەڵام ئێستا دۆخەکە تەواو پێچەوانەبووەتەوە و درێژکردنەوەی گرێبەستەکەی ئەگەرێکی کراوەیە.
رودیگەر وەرزی رابردووش لە زۆربەی یارییەکانی ریال مەدرید بە پێکان و ئازارەوە بەشداریی دەکرد، زۆربەی کات پێش یارییەکان ئازارشکێنی بەکاردەهێنا.
لە کۆتاییشدا رۆژنامە مەدریدییەکە ئەوەشی خستووەتەڕوو، لای خۆییەوە بەرگریکارە 33 ساڵانییەکە ئارەزووی مانەوە لە مێرەنگی دەکات و دەیەوێت تاوەکوو بتوانێت درێسی یانەکە بپۆشێت.
رودیگەر لە ساڵی 2022 بە گرێبەستێکی ئازاد لە چێڵسییەوە پەیوەندی بە ریال مەدرید کرد، تاوەکوو ئێستا لە سەرجەم پاڵيوانێتییەکان 173 یاریی لەگەڵ یانەکە کردووە، هەشت گۆڵی کردووە و چوار گۆڵیشی دروستکردووە.



