
یاریگا –
مووسڵ لە یاریگای نەجەفی نێودەوڵەتی میوانداری زاخۆ دەکات، دوو یاریزانی زاخۆش بێبەش دەبن لە یارییکردن.
لە یارییەکی دواخراوی گەڕی 21ـی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق، یەک شەممە ( 22ـی ئاداری 2026 ) کاتژمێر 7:30ـی شەو مووسڵ لە یاریگای نەجەف میوانداری زاخۆ دەکات، هەرچەندە یارییەکانی مووسڵ لەم وەرزەدا لە یاریگای دهۆک بەڕێوەدەچوو، بەڵام لەسەر داوای کارگێڕی مووسڵ ئەم یارییە گواسترایەوە نەجەف بەهۆی نزیکی یاریگای زاخۆ و دهۆک لە یەکتر.
بۆ یارییەکەی ئەمڕۆ زاخۆ لە توانای دوو یاریزانی بێبەش دەبێت، محەمەد سەواڵەی لیبی بە هۆی پێکان و حەسەن رائیدی بەرگریکاریش بە هۆی وەرگرتنی کارتی سوور لە یاریی رابردوو ناتوانن بەشداری یارییەکە بکەن.
ئاسۆ رۆستەم، یاریزانی زاخۆ کە یاریی رابردوو بەشداری نەکرد بە هۆی کەڵەکە بوونی کارتەکانی، دەربارەی ئامادەکارییان بۆ یارییەکە گووتی:
ئامادەکاری باش کراوە بۆ یارییەکە، زۆر پێویستمان بەوسێ خاڵە هەیە تاوەکو لە ریزبەندی پێشەوە زیاتر نزیک بینەوە، لە نەجەفین بۆ سێ خاڵی یارییەکە و ئامانجی دیکەمان نیە، دەمەوێ گەڕانەوەم بۆ یارییکردن بکەم پاڵپشت و هاوکارێکی باش بۆ یاریزانە هاوڕێکانم، هەرچەندە یارییەکە لە دەرەوەی یاریگای خۆمانە بەڵام ئامادەین سێ خاڵی تر بۆ کۆی خاڵەکانمان زیاد بکەین.
لە 22 یاریی رابردووی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق، زاخۆ 40 خاڵی کۆکردۆتەوە و لە ریزبەندی حەفتەم دێت، لە ئەگەری سەرکەوتنی لە یارییەکەی ئەمڕۆ خۆی دەگەیەنێتە ریزبەندی پێنجەم، گەڕی داهاتووش لە یاریگای خۆی رووبەڕووی شوڕتە دەبێتەوە.




