
یاریگا –
هوگۆ سانچێز هێرشبەری پێشووی ریال مەدرید پەیامێک بۆ کیلیان ئێمباپێی هێرشبەری ئیستای ریال مەدرید دەنێرێت.
هوگۆ سانچێز و کیلیان ئێمباپێ دوو لە باشترین هێرشبەرەکانی مێژووی ریال مەدریدن. یاریزانە مەکسیکییەکە پێنج جار خەڵاتی گۆڵکاری خول (پیچیچی) بەدەستهێناوە، یەکێک لەگەڵ ئاتلێتیکۆ مەدرید و چوار دانەش لەگەڵ ریال مەدرید. مارکا دەرفەتی هەبوو بۆ چەند خولەکێکی کەم لەگەڵ ‘ئێل مانیتۆ’ لەبارەی هێرشبەرە فەڕەنسییەکەوە قسە بکات. پرسیارلە هوگۆ کرا کە ئایا پێی وایە ئێمباپێ رۆژێک لە رۆژان بگات بە چوار پیچیچیی کە لە ریال مەدرید بەدەستی هێنا؟
سانچێز لە وەڵامدا گوتی:
کیلیان بە برسییەتی سەرکەوتنی زیاتر لە ئێستای دەبینم. پێموایە ئێستا باشترین هێرشبەری جیهانە، ئەگەر تەندروستیش بمێنیتەوە هیواخوازم بەردەوامبێت لە گۆڵکردن لەگەڵ ریال مەدرید. هیوام هەیە و ئومێدەوارم کە بگاتەوە بە من یان تێمپەڕێنێت چونکە ئەوە بۆ ریال مەدرید باش دەبێت. ئەگەر منی تێنەپەڕاند و پێنج پیچیچی بەدەست نەهێنا، ئەوا بە لایەنی کەمەوە با چوار دانە بەدەست بهێنێت، هەمان ئەو ژمارەیەی لەگەڵ ریال مەدرید من بەدەستم هێنا. بگات بەو ژمارەیە یان نا، ئێمباپی بۆ هەمیشە یادەوەرییەکی لەبیرنەکراو لە یانەکە جێدەهێڵێت.
سەبارەت بە دێربی مەدرید لەنێوان دوو تیمەکەی پێشوو، هوگۆ دەڵێت:
دێربی پێدەچێت زۆر سەرنجڕاکێش بێت بەو پێیەی هەردوو تیم لە رۆحییەتێکی بەرزدان بەهۆی ئەنجامەکانی ئەم دواییانەیان. دێربییەکی بەچێژ، توند و پڕ لە جەنگ، هەوڵدان دەبێت. هیوادارم ئەو یانەیەی شایستەیە بیباتەوە، ئەگەر ناچاربم یەکێکیان هەڵبژێرم، بێگومان دەمەوێت مەدریدی سپی بیباتەوە.
پێویستە بیرمان بێت کە هوگۆ سانچێز لە وەرزەکانی 1984-1985، 1985-1986، 1986-1987، 1987-1988 و 1989-1990 گۆڵکار بووە. هەروەها لە 1989-1990 بە 38 گۆڵ بۆ ریال مەدرید بە هاوبەشی لەگەڵ هریستۆ ستۆیچکۆڤ پێڵاوی ئاڵتوونی بردەوە.



