ریکاردۆ کوارێزما هۆشدارییەکی توند بە لیۆنێل مێسی دەدات
پۆرتوگال دەیەوێت مۆندیال بۆ رۆناڵدۆ بباتەوە

یاریگا –
لیۆنێل مێسی و کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە جامی جیهانیی بە یاریکردن لە شەشەم جامی جیهانیی بەدوای یەکدا مێژوو تۆمار دەکەن، ریکۆردێکە لە رابردوودا هەرگیز هیچ کەسێک نەیتوانیوە تۆماری بکات. زۆرێک لە خەڵکی باس لە ئەگەری بردنەوەی دوو جامی جیهانیی بەدوای یەکدا لەلایەن ئەرجەنتینەوە دەکەن، بەڵام ریکاردۆ کوارێزما هۆشداریی دەداتە هەمووان کە هاوتیمەکەی پێشووی دەیەوێت نازناوەکە بەرز بکاتەوە.
کوارێزما باوەڕی وایە ئەگەرچی کریستیانۆ تەمەنی 41 ساڵە، بەڵام هێشتا توانای جەستەیی، خێرایی و سەرکردایەتی ماوە بۆ رابەرایەتیکردنی پۆرتوگال لە بردنەوەی پاڵەوانییەتییەکان. ئەو دەزانێت کە دەرفەتێک راستەقینەیان لەبەردەمە چونکە پۆرتوگال پێکهاتەیەکی زۆر بەهێزی هەیە تاوەکوو لە بەرزترین ئاستدا رکابەری بکات.
لە کاتێکدا گەلی ئەرجەنتین باس لەو ریکۆردە دەکەن مێسی تۆماری بکات کە مارادۆنا نەیتوانی بە بردنەوەی دوو جامی جیهانیی، ئەوروپییەکان بەجۆشن بۆ بینینی کریستیانۆ رۆناڵدۆ کە بەشێوەیەکی نایاب کۆتایی بە کاروانی وەرزشیی بهێنێت.
ریکاردۆ کوارێزما یاریزانی پێشووی یانەکانی سپۆرتینگ، بارسێلۆنا، پۆرتۆ، چێڵسی، ئینتەر میلان و بێشیکتاش بووە. گەورەترین دەستکەوتی لەسەر ئاستی یانەکان بردنەوەی چامپیۆنزلیگی 2010 بوو لەگەڵ ئینتەر میلان و بە راهێنەرایەتی جۆزێ مۆرینیۆ.
ریکاردۆ لەگەڵ هەڵبژاردەی پۆرتوگالیش تەنیا بەشداریی جامی جیهانیی 2018ـی رووسیای کرد. باشترین ساتی لەەگڵ هەڵبژاردەکەی ساڵی 2016 بوو کاتێک جامی نەتەوەکانی ئەوروپایان بەدەستهێنا دوای بردنەوەیان لە فەڕەنسا. هاوڕێکەی رۆناڵدۆ لەگەڵ هەڵبژاردەکەی 79 یاریی کردووە، 10 گۆڵی کردووە و 24 گۆڵیشی دروستکردووە.



