چێڵسی و ریڤەرپلەیت رێککەوتنێکی مێژوویی ئەنجام دەدەن

یاریگا –
بەگوێرەی رێککەوتنێکی مێژوویی نێوان چێڵسی و ریڤەرپلەیت، بلوز مافی لەپێشینەی بۆ کڕینی یاریزانەکانی یانە ئەرجەنتینییەکە دەبێت.
لەو کاتەوەی تۆد بۆیلی و بێهداد ئیقبالی بوونەتە خاوەنی نوێی چێڵسی، یانە لەندەنییەکە لە هەوڵدان بۆ گەشەکردنی جیهانی نەوەستاوە. بە کڕینی ستراسبۆرگی فەڕەنسی لەژێر ناوی گروپی کۆمپانیاکانی بلو ئەمەیان کرد و ئێستاش یەک هەنگاو لە رێککەوتنێکی مێژوویی لەگەڵ یانەیەکی گەورەی ئەمریکای باشوور دوورن.
بەگوێرەی ESPNـی ئەرجەنتینی، بلوز و ریڤەرپلەیت لە گفتوگۆی پێشکەوتوودان بۆ دروستکردنی هاوبەشییەکی ماوەدرێژ لەنێوان هەردوو یانە، بەشێوەیەک کە سوودی وەرزشیی و دارایی بە هەردوو یانە بگەیەنێت. ئامانجی سەرەکی هەبوونی جۆرێک لە ئاڵوگۆڕی بەهرەمەندی لاوە لە هەردوو ئاراستەوە. بیرۆکەکە ئەوەیە کە داهاتووەکانی ریڤەرپلەیت بتوانن بە ئاسانی پەیوەندی بە چێڵسییەوە بکەن، رێگای گەیشتنیان بە تیمی یەکەمی چێڵسی ئاسانتر بێت، ئەگەرنا بە خواستن بچنە ستراسبۆرگ. هەروەها یانە ئینگلیزییەکە دەرفەتی لەپێشینەی دەبێت بۆ کڕینی یاریزان لە یانە ئەرجەنتینییەکە و دەتوانێت رکابەری هەر ئۆفەرێک بکات کە بۆ یاریزانانی یانەکە دێت.
تەواوی بیرۆکەی هاوبەشییەکەی نێوان هەردوو تیم دوای خواستنی کێندری پایزی ئیکوادۆری لەم گواستنەوەی زستانەیە بۆ ریڤەرپلەیت هات. یاریزانە لاوەکە کە تەمەنی 18 ساڵە بەخواستن لە ستراسبۆرگ بوو، بەڵام بە ئەستەم خولەکی یاریکردنی لە تیمی یەکەمی یانە فەڕەنسییەکە دەست دەکەوت. چێڵسی کە خاوەنی یاریزانەکەیە بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی رێککەوتنەکەی لەگەڵ یانە فەڕەنسییەکە دا و ناردی بۆ ئەرجەنتین، تاوەکوو بە راهێنەرایەتی ئێدواردۆ کۆودێت بەشێوەیەکی ئاسایی یاری بکات.

کەیسی پایز نموونەیەکی سەرەکی بوو کە وای لە چێڵسی و ریڤەر کرد دەست بە کارکردن بکەن لەگەڵ یەکدی، ئێستاش یەک هەنگاو دوورن لەوەی ئەم رێککەوتنە مێژووییە بکەن بە واقعی. یانە ئینگلزی و ئەرجەنتینییەکە زۆر دڵخۆش دەبن بە بیرۆکەی ئاڵوگۆڕی یاریزانەکان لە پێکهاتەکانیان لەسەر بنەمای پێویستیان، بەڵام ئەگەرێکی زۆریش هەیە کە تیمەکانی دیکە حەز بەو هاوپەیمانییە نەکەن.
ژمارەیەکی زۆر بەهرەمەندی لاو لەژێر راهێنەرایەتی لیام رۆسێنیۆر لە لەندەن کە بە ئەستەم دەرفەتی یاریکردنیان هەیە، دەبنە ئامانجی گەورە بۆ ریڤەرپلەیت. بۆیلی و ئیقبالی هەردووکیان ئامادەن بە خواستن بەڕێیان بکەن، تاوەکوو نرخیان بەرز بێتەوە و بگەڕێنەوە تیمی یەکەم، یان لە خراپترین دۆخدا بە چەندین ملیۆن دۆلار بیانفرۆشن



