
یاریگا –
دهۆک راهێنەری نوێی بە دەزگاکانی راگەیاندن ناساند و راهێنەرەکەش هۆکاری گەڕانەوەی بۆ یانەی دهۆک ئاشکرا دەکات.
دوای دەست لەکارکێشانەوەی عەبدولغەنی شەهد لە ئەرکی راهێنەرایەتی دهۆک، کارگێڕی دهۆک جارێکی دیکە ئەحمەد خەلەفی وەک راهێنەری تیپەکە بۆ یارییەکانی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق دەستنیشانکرد، ئەمڕۆش لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی ئەحمەد خەڵەف بە دەزگاکانی راگەیاندن ناسێنرا.
ئەحمەد خەڵەف، هۆکاری گەڕانەوەی بۆ یانەی دهۆک ئاشکرا کرد و گووتی:
بڕیارم دابوو ئەم وەرزە راهێنەرایەتی نەکەم، بەڵام نەم تووانی داوای دهۆک رەتبکەمەوە، خۆشحاڵم جارێکی دیکە راهێنەرایەتی ئەو تیپە دەکەم، من لە نێو دۆست و کەس و کاری خۆمم، دهۆک مێژووی گەورەی هەیە و بەیەکەوە کاری باشمان بۆ ئەو تیپەکرد، بۆیە رازی بووم ئەرکی راهێنەرایەتی ئەو تیپە وەربگرم.
راهێنەری نوێی دهۆک دەربارەی پلان و ئامانجی داهاتووی لەگەڵ هەڵۆکانی چیا رایگەیاند:
دهۆک یانەیەکی رکابەرە و پاڵەوانی جامی کەنداو و پاڵەوانی جامی عێڕاقە لە وەرزی رابردوو، بەڵام دۆخی ئێستای جیاوازە، دەمەوێ راستگۆبم ناتوانین رکابەری لەسەر ریزبەندی یەکەم بکەین و جیاوازی خاڵەکان زۆرە، دەمانەوێ کەسایەتی دهۆک بگەڕێنینەوە و خەڵکی ئەم شارە دڵخۆش بکەین، بۆیە ئامانجمانە ئاستی تیپەکە و ئەنجامەکانیشی باشتر بکەین.
ئەحمەد خەڵەف، لە کۆنگرەی رۆژنامەوانیەکە بە ڕاشکاوی باسی هاندەرانی دهۆکی کرد و دەڵێت زۆر پێویستمان بە خەڵکی دهۆک و هاندەرەکانیەتی:
داواکارم لە خەڵک و جەماوەری دهۆک جارێکی دیکە بگەڕێنەوە پەیژەی یاریگا و هانمان بدەن، چونکە ئەو پلانەی ئێمە دامان ناوە پاڵنەری سەرەکی پاڵپشتی هاندەرانە، دەزانم خەڵکی ئێرە تۆپی پێیان خۆش دەوێت، پێشووتر کە یەکسان دەبووین یاخود لە کاتی شکستیش هاندەران دڵگران نەبوون چونکە ئاستی تیپەکە زۆر باش بوو، بۆیە دەمانەوێت ئەم سەردەمە بگەڕێنینەوە کە ئەوان دڵخۆش دەبوون.
دهۆک 33 خاڵی هەیە و لە ریزبەندی نۆیەم دێت، یەکەم یاریی راهێنەری نوێش بەرامبەر مینا دەبێت لە گەڕی 24ـی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق کە لە بەسڕە بەڕێوهدەچێت.



