ئیسپانیاگرنگترین

فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانی گۆڕانکاریی دەکات؛ سزای راهێنەرەکان کەم دەکاتەوە

Yariga App

یاریگا –

فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانی دەستکاری یاسای سزادانی راهێنەران لە لالیگا دەکات.

فیدراسیۆنی تۆپی پێ یاساکانی گۆڕیوە بۆ کەمکردنەوەی سزای ئەو راهێنەرانەی لەگەڵ ناوبژیوانەکان مشتومڕ دەکەن. تاوەکوو ئێستا کەمترین سزا دوو یاریی راگرتن بووە، بەڵام ئێستا سزاکە بۆ یەک یاریی راگرتن کەم کراوەتەوە.

هەیینی بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو راگەیەنرا کە سزای راگرتنی ماتیاس ئالمێیدای ئەرجەنتینی و راهێنەری سێیڤیا یارییەکی دیکەش کەم کراوەتەوە. ئەمەش دوای کەمکردنەوەی سزاکەی دێت لەلایەن دادگای باڵای وەرزشیی لە 13ـی ئازار. ئەم بڕیارەش راستەوخۆ لە لیژنەی بەندوبەستی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانییەوە بووە، بەهۆی ئەو یاسا نوێیانەی کە لە رۆژی پێنجشەممە 19ـی ئازار دەرچوون.

لە پێشوودا یاساکە بەشێوەیەک بوو کە ناڕەزایی بەرامبەر ناوبژیوانی سەرەکی، یاریدەدەرەکان یان ناوبژیوانی چوارە ئەنجامەکەی راگرتنی دوو بۆ سێ یاریی یان تاوەکوو مانگێک بوو. ئەمەش واتا کەمترین سزای راگرتن بۆ هەر کەسێک دوو یاری بوو.

ئێستا ئەو یاسایە بۆ راهێنەرەکان، راهێنەری توانای جەستەیی، پزیشکەکان و ئەندامانی دیکەی ستاف گۆڕاوە. کەمترین سزا ئێستا راگرتنە بۆ یەک یاری نەوەکوو دوو. ئەمە لە کاتێکدایە کە بەشی یەکەمی یاساکە بۆ یاریزانەکان وەکوو خۆی دەمێنێتەوە، بەشی دووەم دووبارە نووسراوەتەوە لەپێناو ستافی تەکنیکی و دەستەی پزیشکی، کە سزاکەیان یەک بۆ سێ یاری راگرتن یان تاوەکوو مانگێک دەبێت.

بەهۆی ئەم گۆڕانکارییەوە، لە ئێستاوە هەر راهێنەرێک بەهۆی ناڕەزایی بە کارتی سوور بکرێتە دەرەوە بە ئەگەری زۆرەوە یارییەک رادەگیرێت. هۆکاری ئەوەی فیدراسیۆنە دەستێوەردانی کرد و سزاکەی ئالمێیدا راستەوخۆ کەمکرایەوە بەهۆی بەندێکی دیاریکراوی یاساکە بوو، کە ئاماژە بەوە دەکات یاسا نوێیەکە دەبێت بەسەر کەیسە کۆنەکانیشدا بسەپێنرێت، ئەگەر لەبەرژەوەندی ئەو کەسە بێت کە یاسای شکاندووە، تەنانەت ئەگەر سزاکەی پێشووی بڕیاریشی لەسەر درابێت.

بابەتی زیاتر

Back to top button