
یاریگا –
ئارنە سڵۆت لە کۆنگرەی رۆژنامەوانی پێش یارییەکەی برایتن لە پرێمەرلیگ سەبارەت بە ئیساک هەواڵێکی خۆشی بە هاندەرانی یانەکە راگەیاند.
ئالێکساندەر ئیساک کە بە 125 ملیۆن پاوەند ریکۆردی گرانبەهاترین گرێبەستی لیڤەرپوولی شکاند و لە نیوکاسڵەوە پەیوەندی بە رێدزەوە کرد، لە 20ـی مانگی 12ـی ساڵی رابردووەوە بەهۆی شکانی قاچییەوە نەیتوانیوە یاریی بکات. ئەگەرچی تاوەکوو ئێستا بەتەواوی دەستی بە مەشقە بەکۆمەڵەکان نەکردووەتەوە، بەڵام چاکبوونەوەی بە باشی دەڕوات و لە کاتی دیاریکراودا دەگەڕێتەوە.
لیڤەرپوول لە قۆناخی چارەکی کۆتایی چامپیۆنزلیگ لە 8ـی مانگی داهاتوو بۆ رووبەڕووبوونەوەی پاریس سانجێرمان لەنێو باخچەی شازادەکان، گەشتی پاریس دەکات. ئیساک نزیکەی چوار مانگە لە یاریگاکان دابڕاوە بۆیە بۆ ئێستا ناتوانێت بەشداریی هیچ یارییەک بکات، بەڵام پلانەکە بەوجۆرە کە بە یەدەک بەشداریی ئەو یارییە گرنگە بکات و یارمەتی تیمەکەی بدات.
کاتێک پرسیاری ئامادەبوونی ئیساکی لێکرا، ئارنە سڵۆت گوتی:
ئەو ئامادە نابێت. پرسیارەکە ئەوەیە مەبەستت چییە لە ئامادەبوون؟ ئەگەر دەتەوێت ئەو یاریزانەت هەبێت بەو شێوەیەی ساڵێک لەمەوبەر لە یاریی کۆتایی جامی کاراباو بەرامبەر ئێمە یاریی کرد و لەو کاتەدا زۆر بۆ باشتر بوو لەوەی بتوانین رایگرین، ئەوا دەتوانم بڵێم دوای چەند مانگێک دابڕان گومان هەیە، بەڵام پێشبینی دەکەم بتوانم چەند خولەکێک یاریی پێبکەم.
لە درێژەی قسەکانیدا سڵۆت باسی لە پەرۆشی بۆ گەڕانەوەی ئیساک دەکات و دەڵێت:
من بە هێندەی هاندەران بەجۆشم بۆ گەڕانەوەی ئیساک، چونکە درۆ ناکەم ئەگەر بڵێم 90%ـی یارییەکان ئێمە هەلی گۆڵی زیاترمان لە تیمی بەرامبەر هەبووە. ئەگەر یەکێک لە باشترین هێرشبەرەکانی جیهان یاریی بکردبایە، ئەوە مانای ئەوەیە کە خاڵی زیاترمان بەدەست دەهێنا. نامەوێت زۆر لە ئاستی بهێنمە خوارەوە چونکە پێموایە کاتێک گەڕایەوە کاریگەری خۆی دەبێت، بەڵام واقعیترە وەرزی داهاتوو پێشبینی 100%ـی لێبکەین وەکوو لە یاریی بەرامبەر مانچێستەر سیتی یان پاریس سانجێرمان. بەو بۆنەیەوە پێموانییە بۆ یارییەکەی بەرامبەر مانچێستەر سیتی ئامادەبێت، بەڵام بەدڵنیاییەوە لە دوو مانگی داهاتوودا بەکاری دەهێنین.



