لیڤەرپوول و چێڵسی کێبڕکێی گواستنەوەی ئەستێرەیەکی ریال مەدرید دەکەن
ریال مەدرید لاری نییە لە فرۆشتنی یاریزانەکە

یاریگا –
لیڤەرپوول و چێڵسی هەوڵەکانیان بۆ گواستنەوەی ئێدواردۆ کاماڤینگا چڕکردووەتەوە و ریال مەدرید نرخی ناوەڕاستکارەکەی دیاریدەکات.
ماڵپەڕی کاوت ئۆفساید بڵاویکردووەتەوە، ریال مەدرید بۆچوونی سەبارەت بە داهاتووی کاماڤینگا گۆڕاوە و دەیەوێت یاریزانەکە بفرۆشێت و نرخی بە 50 ملیۆن یۆرۆ دیاریکردووە. یانەکانی لیڤەرپوول و چێڵسیش ئارەزووی گواستنەوەی دەکەن.
🚨 EXCLUSIVE 🚨
Liverpool and Chelsea have both had contacts over signing Eduardo Camavinga.
Real Madrid have made him available for €50m.
Full story from @MarkBrusCOS to follow… pic.twitter.com/Svp45Y3UMV
— CaughtOffside (@caughtoffside) March 21, 2026
بەگوێرەی زانیارییەکانی هەمان سەرچاوە، لیڤەرپوول لەپێشترین یانەیە بۆ گواستنەوەی کاماڤینگا، بەرپرسانی یانەکە چەندین جار قسەیان لەگەڵ کەسە نزیکەکانی ئەستێرە فەڕەنسییەکە کردووە و بایەخێکی زۆر بە گواستنەوەی دەدەن، بەڵام تاوەکوو ئێستا هیچ گفتوگۆیەکی فەرمیان لەگەڵ ریال مەدرید نەکردووە.
سەرچاوەکە ئەوەشی ئاشکرا کردووە، چێڵسی ئارەزووی گواستنەوەی ناوەڕاستکارە 23 ساڵانییەکە دەکات و سەرسامی شێوازی یاریکردنی یاریزانەکەیە. بلووز دەیەوێت کاماڤینگا بکاتە شوێنگرەوەی ئێنزۆ فێرناندێز، کە بە ئەگەری زۆرەوە وەرزی داهاتوو یانە لەندەنییەکە بەجێدەهێڵێت.
سەرچاوەکە دەشڵێت، ریال مەدرید زۆر لە کاماڤینگا ناکات یانەکە بەجێبهێڵێت، بەڵام ئەگەر ئۆفەری گونجاویان بێتە بەردەست ئامادەن دەستبەرداری ببن، چونکە پێیان وایە ئەوەی لە یاریزانەکە چاوەڕواندەکرا نەهاتووەدی و نەیتوانیوە جێگای رەزامەندی بەرپرسانی مێرەنگی بێت.
کاماڤینگا لە هاوینی ساڵی 2021 لە رێنی فەڕەنسییەوە بە بەهای 31 ملیۆن یۆرۆ پەیوەندی بە ریال مەدریدەوە کرد، تاوەکوو ئێستا لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکان 213 یاریی بۆ لۆس بلانکۆس کردووە، 6 گۆڵی کردووە و 11 گۆڵیشی بۆ هاوتیمەکانی دروستکردووە.



