
یاریگا –
یانەی بارسێلۆنا خۆی بۆ ئەنجامدانی سێ رووبەڕووبوونەوەی یەکلاییکەرەوە بەرامبەر ئاتلێتیکۆ مەدرید لە ڕۆژانی داهاتوودا ئامادە دەکات، بەڵام هانزی فلیکی ڕاهێنەر بەهۆی ئامادهنهبوونی 15 یاریزانەوە کە پەیوەندییان بە هەڵبژاردهكانیانهوه کردووە لە کاتی پشووی نێودەوڵەتیدا، رووبەڕووی ئالنگاری گەورە بووەتەوە.
ئەم سێ ڕووبەڕووبوونەوەیە بە یارییەکی خولی ئیسپانی لەسەر یاریگای میترۆپۆلیتانۆ لە شەممە 4ـی نیسان دەستپێدەکات، دوای ئەوەش دوو یاری لە قۆناخی چارەکی کۆتایی چامپیۆنز لیگ لە چوارشەممە 8ـی نیسان لە بارسێلۆنا و سێشەممە 14ـی نیسان لە مەدرید دهكرێت
حهفت یاریزان لەگەڵ هەڵبژاردەی ئیسپانیا
حەوت یاریزانی بارسێلۆنا پەیوەندی بە لیستی هەڵبژاردەی ئیسپانیاوە دەکەن ئهمهش لهژێر سەرپەرشتی لۆیس دی لافۆینتێ، ئەوانیش: خوان گارسیا، پاو کوبارسی، پێدری گۆنزالێس، فێرمین لۆپێز، دانی ئۆلمۆ، لامین یامال و فێران تۆرێس. هەڵبژاردەی ئیسپانیا یارییەکی دۆستانە لە هەینی 27ـی ئازار بەرامبەر سڕبیا دهكات، دوای ئەوەش لە سێشەممە 1ـی نیسان لە بارسێلۆنا رووبەڕووی هەڵبژاردەی میسر دەبێتەوە.
جگە لەوانە، مارک بێرناڵ لەگەڵ هەڵبژاردەی ئیسپانیای خوار 21 ساڵان لە یارییەکانی پاڵاوتنی یۆرۆ بەرامبەر قوبرس و کۆسۆڤۆ بەشدار دەبێت، چاڤی ئیسپارتیش لەگەڵ هەڵبژاردەی خوار 19 ساڵان یاری دەکات. هەروەها ههریهكه له جواو کانسێلۆ، رۆناڵد ئاراوخۆ، رافینیا و مارکوس راشفۆرد لە یارییە دۆستانەکانی ئامادەکاری بۆ مۆندیال لهگهڵ ههڵبژاردهكانیان بەشداری دەکەن.
پۆرتوگال بەرامبەر مەکسیک و ئەمریکا یاری دەکات، لە کاتێکدا بەڕازیل بەرامبەر فەرەنسا و کرواتیا لە ئەمریکا رووبەڕووی یهكتر دەبنەوە. یاری دووەمی پۆرتوگال و بەڕازیل لە بەرەبەیانی چوارشەممە 2ـیی نیسان دەكرێت، واتە کەمتر لە سێ رۆژ بەر لە یارییە گرنگەکەی بەرامبەر ئاتلێتیکۆ مەدرید لە خولی ئیسپانی، ئەمەش وای کردووە فلیک نیگەران بێت لە ماندوێتی و درەنگ گەڕانەوەی ئەستێرەکانی.



