
یاریگا –
نەورۆز میوانداری خراپترین یانەی ئەم وەرزەی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق دەکات و راهێنەری تیپەکەش دەڵێت پێویستە وریابین.
لە دوا یاریی گەڕی 23ـی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق، نەورۆز کاتژمێر 9ـی شەو لە سلێمانی رووبەڕووی قاسم دەبێتەوە، تەواوی یاریزانەکانی نەورۆز بۆ ئەم یارییە ئامادەن و هیچ پێکانێک یاخود راگیراوێکیان نیە.
له مێژوودا حەفت یاریی فەرمیان بەرامبەر یەکتر کردووە، نەورۆز لە دوو یارییدا براوە بووە و قاسمیش لە دوو یاریی سەرکەوتنی بەدەستهێناوە و لە سێ یارییشدا یەکسان بوونە، لە یارییەکی جامی عێڕاق لە وەرزی 2023 _ 2024 لە قۆناخی 16 نەورۆز 2 _ 1 سەرکەوتنی بەدەستهێنا و قاسمی لە جامەکە دوورخستەوە.
وەلی کەریم، راهێنەری نەورۆز دەربارەی یارییەکە و ئامادەکاری یاریزانەکان گووتی:
سەرجەم یارییەکانی خولی ئەستێرەکان ئاسان نیە و پێویستیان بە ئامادەکاری تایبەت هەیە، قاسمیش دەیەوێت بوونی خۆی بسەلمێنێت، پێویستە بە وریاییەوە یارییەکە بکەین و دووربین لە لەخۆبایی بوون، سێ خاڵی ئەم یارییەش بۆ ئێمە گرینگە، یاریزانەکان ئامادەن و دەیانەوێت بە دڵخۆشکردن جەژنانە بدەنە هاندەران.
سوور پۆشەکانی سلێمانی 28 خاڵیان هەیە و لە ریزبەندی 13 دێن، لە ئەگەری سەرکەوتنیان نەورۆز دەچێتە ریزبەندی 10ـی خولەکە، قاسم یەک خاڵی هەیە و لە ریزبەندی کۆتایی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق دێت.



