10 لاوترین و سەرکەوتووترین یاریزانانی تۆپی پێ کێن؟
10 باشترین یاریزانی لاو

یاریگا –
لە جیهانی تۆپی پێی سەردەمیانە بێگومان راهێنەران و ئیدارەی یانەکان پشت بە یاریزانە بەهرەمەند و لاوەکانی ئاکادیمیاکەیان دەبەستن و لەم راپۆرتەدا ناو 10 لە باشترین یاریزانە لاوەکانی ئەم وەرزەی پێن خولە بەهێزەکەتان پێدەناسێنن.

10) ماکس دۆومان (ئارسیناڵ)
دۆومان لەم کۆتایی هەفتەیەدا مێژووی تۆمارکرد و لە تەمەنی 16 ساڵ و 73 رۆژدا بووە بچووکترین گۆڵکاری پرێمەرلیگ. لە دوای درەوشانەوەی ماکس لە دوای یەکەم گۆڵی بۆ ئارسینال بێگومان هەموو چاوەکان چووە سەری و ئەم رۆژانە بەردەوام ناوی دەبیسترێت.
کاریگەرییەکەی بۆ دەستەی کارگێڕی ئارسیناڵ هیچ شتێکی سەرسوڕهێنەر نەبوو، کە لە مێژە ئاگاداری بەهرە و توانای ئەو هێرشبەرە بوون، کە لەم وەرزەدا لە تیپی یەکەمدا نیشانی داوە.
دۆومان تاوەکوو ئێستا بەشداری 10 یاری بۆ تیپی یەکەمی ئارسیناڵ کردووە و پێشبینی دەکرێت لە داهاتوو ببێت بە ئەستێرەی یەکەمی یانەکەی.
9) سەید ئێل مەلا (کۆڵن)
سەید مەلا چێژ لە یەکەم وەرزی لە بۆندسلیگا لەگەڵ کۆڵن وەردەگرێت، یاریزانە باڵەکە تا ئێستا لە 26 یاریدا 9 گۆڵی کردووە.
بە شێوەیەکی سەرەکی لە لای چەپەوە یاریی دەکات، یاریزانە تەمەن 19 ساڵەکە یاریزانێکی خێرایە و توانای بڕینی یاریزانانی بەرزە و لەم وەرزەدا خێرایی 35.54 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا تۆمارکردووە و چاوەڕوان دەکرێت لە داهاتوویەکی نزیکدا پەیوەندی بەیانە گەورەکانی ئەوڕوپا بکات.

8) لۆکا ڤۆسکۆڤیچ (هامبۆرگ، بە خواستن لە تۆتنهامەوە)
تواناکانی ڤۆسکۆڤیچ لەلایەن تۆتنهامەوە بینرا، بەڵام بۆ ئەوەی پەرە بە تواناکانی بدرێت و خولەکی زیاتر یاریی بکات بە خواستن چووە یانەکەی ئەڵمانیا.
یاریزانە ناوەڕاستکارەکە خۆی وەک یەکێک لە یاریزانە یەکلاکەرەوەکان لە پێگەی خۆی، لە بۆندسلیگا جێگیر کردووە و بەگوێرەی زانیارییەکان سەرنجی بایرن میونشنی بۆ خۆی راکێشاوە.
7) ئێندریک (لیۆن، بە خواستن لە ریال مەدریدەوە)
رەنگە 18 مانگی یەکەمی لە ریال مەدرید هەلی پێنەدرا و کاریگەرییەکی ئەوتۆی نەبوو، بەڵام با لەبیرمان نەچێت کە توانای ئێندریک چەندە بەرزە.
هێرشبەرە تەمەن 19 ساڵەکە لە بە خواستن لە لیۆن یاری دەکات و تا ئێستا لە 11 یاریدا 6 گۆڵی تۆمارکردووە و دواجار ائستە بەرزەکەی وای لە کارلۆ ئانچێلۆتی راهێنەری بەڕزایل و راهێنەری پێشووی خۆی کرد بانگهێشتی هەلبژاردەی بەڕزایلی بکات.
با ئەوەشمان لەبیر نەچێت ئێندریک وەکوو یاریزانێکی تۆپی پێ لە دوای کریستیانۆ رۆناڵدۆوە خاوەنی بەرزترین ئینگەیجمێنتە لە تۆڕی کۆمەڵاتی ئینستاگرام.

6) ئەیوب بوعدی (لیل)
بوعدی تەنیا سێ رۆژ دوای لەدایکبوونی 16 ساڵەی لە مانگی ئۆکتۆبەری 2023 یەکەم یاری خۆی بۆ لیل کرد، ئێستا جێگەی خۆی لە هێڵی ناوەڕاستی یانەکەیدا جیگیر کردووە و ژمارەی یارییەکانی بە درێسی لیلەوە گەیشتە 100 یاریی فەرمی.
5) یان دیۆماندێ ( لایپزیگ )
لە چەند مانگی رابردوودا دەنگۆیەکی زۆر لە گواستنەوەی هاوینە و زستانەی یاریزانان لە دەوری دیۆماندێ دروست بووبوو. راست بێت یان نا، ئەوە نیشان دەدات کە چەندە داهاتوویەکی گەشتر چاوەڕوانی یاریزانە باڵەکەی لایپزیگ دەکات.
دیۆماندێ لە دایک بووی ساڵی 2006ـە و دەتوانێت لە هەردوو باڵەکاندا یاری بکات بەڵام لە لای راست زۆرترین کاریگەری هەبووە، لەم وەرزەدا لەکۆی 25 یارییدا 10 گۆڵی لە بۆندسلیگا تۆمارکردووە.

4) لێنارت کارڵ ( بایرن میونشن)
ئەم وەرزە، وەرزی پێشکەوتنی کارڵ بووە لە تیپی یەکەمی بایرن میونشن. دەتوانێت وەک یاریزانی باڵ یاری بکات، بەڵام وەک یاریزانێکی هێرشبەری ناوەڕاست لە باشترین ئاستی خۆیدا بووە.
سەرەتای ئەم وەرزە، کاتێک تەمەنی تەنیا 17 ساڵ بوو، لە سێ یاری لەسەریەک لە چامپیۆنزلیگ گۆڵی تۆمارکرد.
3) ئیستاڤاو گۆنچالڤێس (چێڵسی)
چێڵسی ساڵێک پێش ئەوەی بتوانێت بەڕاستی ئەو یاریزانە بۆ تیپەکەی رابکێشێت، وەبەرهێنانێکی زۆری لەسەر کردبوو، لە کۆتاییدا یاریزانە باڵەکە بە 27 گۆڵ پاڵمێراسی بەجێهێشتو پەیوەندی بە یانەکەی لەندەن کرد.
یاریزانە باڵەکە سەرەتای پەیوەندی کردنی ناچاربووە لە پرێمەرلیگدا سەبر بگرێت، بەڵام ئاماژەکان دەرخەری ئەوە بوون کە باوەڕی چێڵسی بەو یاریزانە سوودی هەبووە. ئیستاڤاو تا ئێستا لە کۆی 32 یاری لەگەڵ چێڵسی لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکان 7 گۆڵی تۆمارکردووە.
2) پاو کۆبارسی (بارسێلۆنا)
کۆبارسی لە مانگی کانوونی دووەمی رابردوو، مانگێک پێش ئەوەی تەمەنی ببێتە 19 ساڵ، 100ـەمین یاری خۆی بە دریسی بارسێلۆنا کرد.
بەرگریکاری ناوەڕاستەکەی ئیسپانیا کە پێشتر 10 جار یاری بۆ هەڵبژاردەی وڵاتەکەی کردووە، ئاستێکی ناوازەی لە یاریگادا نیشانداوە و رێژەی پاسی درووستی نزیکەی 95% تۆمارکردووە.

1) لامین یامال (بارسێلۆنا)
یامال پێشتر هەر لە تەمەنی 16 ساڵیدا بووە یاریزانێکی سەرەکی بۆ بارسێلۆنا و ئیسپانیا بوو و هەر وەرزەو پێشکەوتنی زیاتری بە خۆیەوە بینیوە.
یاریزانە باڵەکە لەگەڵ هەڵبژاردەکەی یۆرۆی 2024 و دووجار لەگەڵ یانەکەی لالیگای بەدەستهێناوە، کاریگەرییەکی گەورەی لە بارسێلۆنادا دروستکردووە و بەردەوام لەگەڵ لیونێل مێسی بەراورد دەکرێت.
یامال تا ئێستا 45 گۆڵی بۆ بارسێلۆنا تۆمار کردووە و ئێستا تەمەنی تەنیا 18 ساڵە و هەر لەو تەمەنەدا رکابەری بەدەستهێنانی باڵندۆری وەرزی رابردووەی دەکرد.
رەنگە چەند ساڵێکی دیکە ئەو ناوانەی لەم لیستەدا هاتوون کاریگەرترین و ئەستێرە یەکلاکەرەوەکانی تۆپی پێ بن و رکابەرییەکانی لەدەوری ئەو ناوانەدا بسووڕێتەوە.



