ئه‌وروپائیتاڵیاگرنگترین

باندێکی چەکدار هەڵیانکوتایه‌ سەر ماڵی یاریزانێکی رۆما و تاڵانیان کرد

خشل و زێر و پاره‌یه‌كی زۆریان بردووه‌

Yariga App

یاریگا –

نایل عەینه‌وی، ئەستێرەی مەغریبی و یاریزانی هێڵی ناوەندی یانەی رۆما، تووشی بارودۆخێکی دەروونیی سەخت بووە دوای ئەوەی لە لایەن باندێکی چەکدار و دەمامکدارەوە لە ناو ماڵەکەی خۆیدا لە پایتەختی ئیتاڵیا، رووبەڕووی دزی و هەڕەشەی کوشتن بووەوە.

وردەکاریی هێرشە چەکدارییەکە

رۆژنامەی لاگەزێتا دیلۆ سپۆرتی ئیتاڵی بڵاویکردەوە، کە عەینه‌وی لە ناوچەی (Castel Fusano) لە رۆما، کە ناوچەی نیشتەجێبوونی یاریزانانی هەردوو یانەی رۆما و لازیۆیە، بووەتە ئامانجی باندێکی دزی و چه‌ته‌، رووداوەکە نزیکەی کاتژمێر 03:00ـی بەیانی شەوی رابردوو روویداوە، کاتێک باندێکی شه‌ش کەسی کە جلی رەشیان لەبەردا بووە و دەمامکدار و چەکدار بوون، لە رێگەی شکاندنی پەنجەرەی هۆڵەکەوە چوونەتە ناو ماڵەکەی.

بەندکردنی خێزانەکەی و هەڕەشەی چەک

بەپێی زانیارییەکان، عەینه‌وی یەکەم کەس بووە کە بە دەنگی چەتەکان بەئاگا هاتووە، بەڵام چەکدارەکان دەستبەجێ بە دەمانچە هەڕەشەیان لێکردووە و ناچاریان کردووە چۆک دابدا. پاشان باندەکە یاریزانەکە و دایکی، هاوژینەکەی، براکەی و هاوڕێی کچەکەی لە ژوورێکدا بەند کردووە تاوەکو بتوانن بە ئارەزووی خۆیان ماڵەکە بگەڕێن و کەلوپەلەکان بدزن.

دزینی کەلوپەلی گرانبەها

باندەکە لە کاتی پشکنینی ماڵەکەدا توانیویانە دەست بەسەر چەندین کەلوپەلی گرانبەها بگرن، کە بریتی بوون لە بڕێکی زۆر خشڵ و زێڕ بە بەهای نزیکەی 10 هەزار یۆرۆ، لەگەڵ کاتژمێرێکی دەستیی جۆری رۆلێکس و ژمارەیەک جانتای دەستی گرانبەهای مارکە جیهانییەکان.”

کاریگەرییە دەروونییەکان و لێکۆڵینەوەی پۆلیس

عەینه‌وی کە هێشتا له‌ شۆکدایە، یانەکەی لە رووداوەکە ئاگادار کردووەتەوە. بەهۆی ئەو ترسە زۆرەی کە بەسەر خۆی و خانه‌واده‌كه‌ی هاتووە، یاریزانە مەغریبییەکە ئەمڕۆ نەیتوانیوە بەشداری لە مەشق و راهێنانەکانی یانەی رۆما بکات، کە خۆیان بۆ یارییەکەی پێنجشەممە بەرامبەر بۆلۆنیا ئامادە دەکەن.

پۆلیسی ئیتاڵیا دەستی بە لێکۆڵینەوەیەکی ورد کردووە و پشکنینی بۆ شوێنی رووداوەکە کردووە. جێگەی ئاماژەیە لە مانگەکانی رابردوودا، ئەم جۆرە دزیانە لە بەرامبەر یاریزانانی تۆپی پێ لە ئیتاڵیا زیادی کردووە و پۆلیس گومان دەکات باندێکی راهێنراو لە پشت ئەم کارانەوە بن.

بابەتی زیاتر

Back to top button