
یاریگا –
ریال مەدرید لە هاوینی داهاتوو گۆڕانکاری گەورە لە پێکهاتەکەیدا دەکات و دەستبەرداری شەش ئەستێرەی دەبێت.
ریال مەدرید لە سەرەتای وەرز لەژێر سەرپەرشتی چابی ئاڵۆنسۆ کۆمەڵێک ئەنجامی خراپی تۆمارکرد و جامی سوپەری ئیسپانیای لەدەستدا، دواتر لەژێر سەرپەرشتی ئالڤارۆ ئاربێلوا، لە جامی شا کرایە دەرەوە و ئێستا تەنیا چامپیۆنزلیگ و لالیگای بەدەستەوەماوە، کە لەوەی دووەمیاندا چوار خاڵی لەدوای بارسێلۆنای پێشەنگەوەیە.
رۆژنامەی بێڵد بڵاویکردووەتەوە، ریال مەدرید دەیەوێت پێکهاتەکەی رێکبخاتەوە تاوەکوو بۆ وەرزی داهاتوو بە بەهێزییەوە دەربکەوێت و دەست بەسەر نازناوەکاندا بگرێت.
Real Madrid ‘prepare six-man fire sale list of superstars who could exit this summer’ – including former £34.3m signing! https://t.co/ayZfdgzwX9
— Daily Mail Sport (@MailSport) March 17, 2026
دەیڤد ئالابا
بەگوێرەی زانیارییەکانی رۆژنامە ئەڵمانییەکە، دەیڤد ئالابا لەنێو لیستی ئەو یاریزانانەدایە کە مێرەنگی نیازی فرۆشتنی هەیە و لە کۆتایی وەرز دەستبەرداری دەبێت. گرێبەستی ئالابا لە کۆتایی ئەم وەرزە بەسەردەچێت و دەبێتە یاریزانێکی ئازاد.
ئانتۆنیۆ رودیگەر
رۆژنامەکە ئەوەشی خستووەتەڕوو، ئانتۆنیۆ رودیگەر، یەکێکی دیکەیە لەو یاریزانانەی ریال مەدرید دەیەوێت بیفرۆشێت، بەڵام ئاستی بەم دواییە رەنگە بۆچوونی بەرپرسانی یانەکە بگۆڕێت، بەتایبەت لە چامپیۆنزلیگ.
دانی کارڤاخاڵ
کارڤاخاڵ، کاپتنی مێرەنگی، لەدوای بەدەستهێنانی 26 نازناو دوایین وەرزی لەگەڵ مەدرید بەڕێدەکات و لە کۆتایی وەرز یانەکە بەجێدەهێڵێت. کارڤاخاڵ لەم وەرزە لە پێکهاتەی سەرەکی دوورخراوەتەوە و خراوەتە سەر کورسی یەدەک.
ئێدواردۆ کاماڤینگا
کاماڤینگا کە یەکێکە لە ئەستێرە گرنگەکانی ریال مەدرید و وەکوو داهاتووی یانەکە سەیر دەکرا، لەلایەن چەندین یانەی گەورەی ئەوروپاوە گرنگی بە گواستنەوەی دەدرێت. بەگوێرەی زانیارییەکانی رۆژنامەی مارکای نزیک لە یانەی ریال مەدرید، لۆس بلانکۆس رێگە لە رۆیشتنی کاماڤینگا ناگرێت ئەگەر ئۆفەرێکیان بە بەهای 50 ملیۆن یۆرۆ بەدەستبگات.
فڕان گارسیا و فێرلاند مێندی
مێندی لە رۆڵی ئێستای وەکوو یەدەکی ئالڤارۆ کارێراس رازی نییە و دەیەوێت ماڵئاوایی لە یانەکە بکات، هەروەها لە مێرکاتۆی زستانە گارسیا ویستی ریال مەدرید بەجێبهێڵێت، بەڵام یانەکە ئامادە نەبوو دەستبەرداری بێت، پێشبینی دەکرێت لە کۆتایی ئەم وەرزە لۆس بلانکۆس بەجێبهێڵێت.



