ناوماڵی بارسێلۆنا؛ سەرکەوتنی لاپۆرتا، فرانبوونی کامپۆ نۆو و دەرکەوتنی ئەستێرەیەکی دیکەی لاماسیا
لە بارسێلۆنا چ باسە؟

یاریگا – ئاتلێتیک
بەخێربێن بۆ زنجیرەی ئەم هەفتەیەی ‘ناوماڵی بارسێلۆنا‘ کە زنجیرەیەکی هەفتانەیە، تۆڕی یاریگا و ئاتلێتیک بە درێژایی وەرزی 2025/2026 پێشکەشتانی دەکەن.
هەموو هەفتەیەک زانیاریی ورد، شیکاریی سەرەکی و گرنگترین زانیارییەکانی ناو یانەی بارسێلۆنا پێشکەشی هاندەرانی بلاوگرانا دەکەین.
ئەم زانیارییانە رەنگدانەوەی چەندین گفتوگۆیە لەگەڵ سەرچاوە جیاوازەکانی بارسێلۆنا و زانیارییەکان تەواو متمانەپێکراون.
زۆرترین قسە و باسی ئێستای بارسێلۆنا چییە؟
خوان لاپۆرتا سەرکەوتنێکی گەورەی لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی بارسێلۆنا بەدەستهێنا و تاوەکوو ساڵی 2031 لە پۆستی سەرۆکی یانەکە بەردەوام دەبێت.
لاپۆرتا بە جیاوازییەکی گەورە بەسەر ڤیکتۆر فۆنت، تاکە رکابەرەکەیدا سەرکەوت و لە %68ـی رێژەی دەنگەکانی بەدەستهێنا، لە بەرامبەردا، فۆنت تەنیا لە %29ـی دەنگەکانی هێنا و دەنگەکانی دیکەش پووچەڵ بوون.
هەڵبژاردنەوەی لاپۆرتا بە سەرۆکی یانە کاتالوونییەکە دڵنیایی بە سەقامگیریی ئەو پرۆژەیەی ئێستا دەدات و هەمان کەسایەتییە سەرەکییەکان لە ئەرکەکانیان بەردەوام بن.

لە وتاری سەرکەوتندا، لاپۆرتا رایگەیاند ئەنجامەکان دەرخەری پاڵپشتی ئەو کارانەیە کە لە دوای گەڕانەوەی بۆ سەرۆکایەتی یانەکە کردوویانە و دڵخۆشی خۆی بەم جۆرە دەربڕی.
ساڵانی داهاتوو زۆر بەچێژ دەبێت، دڵنیام هەندێک لە باشترین ساتەکانی ژیانتان دەبێت.

لە یارییەکەی رۆژی یەکشەممە چیمان بۆ دەرکەوت؟
لە گەڕی 28ـی یارییەکانی لالیگا، لە یاریگای سپۆتیفای کامپ نۆو بارسێلۆنا میوانداری سێڤییای کرد و 5-2 یارییەکەی لێ بردەوە. بلاوگرانا هەر زوو لە یارییەکەدا یارییەکەی یەکلایی کردەوە و بۆ یاریی گەڕانەوەی چامپیۆنزلیگ بەرامبەر نیوکاسڵ یونایتد پشووی بە چەند ئەستێرەیەکی دا. پێدری لە نیوەی دووەم گۆڕانکاری پێکرا، لامین یامال وەکوو یەدەک بەشداریی لە یارییەکەدا کرد و ئیرێک گارسیا بەشداری نەکرد. هانزی فلیک، راهێنەری یانەکە بە تەواوەتی لە ئاستی یانەکەی رازی نەبوو و پێی وابوو بە توندی یارییان نەکردووە.
کەشوهەوای یارییەکە چۆن بوو؟
لەدوای نۆژەنکردنەوەی کامپ نۆو، لە حوزەیرانی ساڵی 2023ـوە، یەکەم جار بوو زیاتر لە 55 هەزار هاندەر ئامادەبن کە خۆی 62 هەزار هاندەر لەخۆدەگرێت و هێشتا نۆژەنکردنەوە هەمووی تەواو نەکراوە، لەگەڵ تەواوبوونی کۆتایی 105 هەزار هاندەر دەگرێت. هاندەران چێژیان لە سەرکەوتنی یانەکە و کارەکانی نۆژەنکردنەوەی کامپ نۆو وەرگرت.


دەکرێت ئەم هەفتەیە چی دیکەمان لەدەستچووبێت؟
بارسێلۆنا لاوێکی دیکەی ئەکادیمیاکەی لە تیپی یەکەم بەشداریپێکرد و بۆ یەکەم جار چاڤی ئێسپارت لەگەڵ تیپی یەکەم یەکەم یاریی خۆی لە لالیگا کرد.
ئێسپارت بە کەناڵی DAZNـی ڕاگەیاندووە کە یاریکردن لە کامپ نو ’باوەڕپێنەکراوە’ و تەنها سەرنجی لەسەر یارمەتیدانی تیپەکە دەبێت هەرکاتێک پێویست بێت، بە متمانەوە یاری دەکات وەک لەلایەن هانسی فلیکی ڕاهێنەرەوە ڕێنمایی کراوە.

ئیسپارت لە بنەڕەتدا یاریزانی ناوەڕاستە، سێ ساڵ لەمەوبەر لە هێڵی بەرگری ڕاست کردووە بۆ ئەوەی پێکانەکانی لە تیپی لاوان داپۆشێت و تاوەکوو ئێستاش هەر لەوێ یاریی دەکات. بەشێکە لە نەوەی بەتواناکەی لاماسیا، کە لامین یامال و پاو کوبارسی و مارک بێرناڵیش بەرهەمی ئەو قوتابخانەیەن.



