ئیسپانیاچامپیۆنزلیگراپۆرتی تایبەتگرنگترین

ناوماڵی ریال مەدرید؛ ئاربێلوا شۆڕشی سەرخستنی لاوەکانی کاستیا دەستپێدەکات

لە ریال مەدرید چ باسە؟

Yariga App

یاریگا – ئاتلێتیک

بەخێربێن بۆ زنجیرەی ئەم هەفتەیەی ‘ناوماڵی ریال مەدرید‘ کە زنجیرەیەکی هەفتانەیە و تۆڕی یاریگا و ئاتلێتیک بە درێژایی وەرزی 2025/2026 پێشکەشتانی دەکەن.

هەموو هەفتەیەک زانیاریی ورد، شیکاریی سەرەکی و گرنگترین زانیارییەکانی ناو یانەی ریال مەدرید پێشکەشی هاندەرانی مێرێنگی دەکەین.

ئەم زانیارییانە رەنگدانەوەی چەندین گفتوگۆیە لەگەڵ سەرچاوە جیاوازەکانی ریال مەدرید و زانیارییەکان تەواو متمانەپێکراون.
زۆرترین قسە و باسی ئێستای ریال مەدرید چییە؟

چەند هەفتەیەک لەمەوبەر، ئالڤارۆ ئاربێلوا، راهێنەری ریال مەدرید، بەهۆی دوو شکستی یەک لەدوای یەک لەژێر فشارێکی گەورەدا بوو، بەڵام بە شێوەیەکی کتوپڕ یانەکە پێشکەوتنێکی دراماتیکی بەخۆیەوە بینیوە و لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکان سێ بردنەوەی بەدوایدا یەکدا بەرامبەر سێڵتا ڤیگۆ، مانچێستەر سیتی و ئێڵچی بەدەستهێناوە.

ئەم ئەنجامانە پێگەی ئاربێلوای بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزکردووەتەوە، پێچەوانەی سەرەتاکانی ئەم مانگە کە مەترسی گەورە لەسەر داهاتووی دروستببوو، بردنەوە لە مانچێشتەر سیتی بە سێ گۆڵی بێوەڵام بە گرنگترین ئەنجامی راهێنەرەکە دادەنرێت، هەروەها، بەرپرسانی مێرەنگی لەپای بانگێشتکردن و بەخشینی متمانە بە لاوەکانی کاستیا ستایشی راهێنەرەکە دەکەن و پێیان وایە ئێستا یانەکە تۆپی پێیەکی جوان پێشکەش دەکات.

ئالڤارۆ ئاربێلوا، راهێنەری ریال مەدرید

تۆڕی ئاتلێتیک لە زاری چەند سەرچاوەیەکی نێو یانەی شاهانە زانیویەتی، دوای دۆڕانێکی کارەساتبار بەرامبەر یانەی خیتافی، خۆسێ ئەنخێل سانچێز، بەڕێوبەری گشتیی ریال مەدرید سەردانی گۆڕەپانی مەشقانی یانەکەی کردووە و  لەگەڵ ستافی راهێنەران و یاریزانان کۆبووەتەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا، ئەنخێل سانچێز بە یاریزان و ستافی راهێنەرانی راگەیاندووە یانەکە متمانەی تەواوی پێیانە و پاڵپشتی تەواوەتیان دەکات، دووپاتیکردووەتەوە یانەکە توانای بەدەستهێنانی نازناوی گەورەی لەم وەرزەدا هەیە و داوای لە یاریزانەکان کردووە لەم کاتە سەختەدا یەکگرتوویی خۆیان بپارێزن.

جیا لە هەموو ئەوانە، ریال مەدرید ئەم هەفتەیەش بەبێ چەند یاریزانێکی گرنگی بەڕێدەکات و بەبێ ئامادەبوونی، ئیدێر میلیتاو، راوول ئاسێنسیۆ، فێرلاند مێندی، دانی سیبایۆس و رۆدریگۆ رووبەڕووی مانچێستەر سیتی دەبێتەوە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕە ئەمریکییەکە، هەرچەندە جود بێلینگهام و دەیڤد ئالابا بانگێشتی یارییەکە کراون، بەڵام هیچ مەشقێکیان لەگەڵ یانەکە نەکردووە و بەشداریی لە یارییەکەدا ناکەن، هەروەها هێشتا یاریکردنی ئالڤارۆ کارێراس یەکلایی نەبووتەوە و دیار نییە بەشداریی دەکات یان نا.

هەرچی پەیوەستە بە کیلیان ئێمباپێ، ئەستێرەی یانەکە بە شێوەیەکی تەواوەتی گڵۆپی سەوزی بۆ یاریکردن بۆ هەڵنەکراوە، بەڵام ئەگەر هەست بە باشتربوون بکات دەکرێت یاریی بکات.
لە یارییەکەی رۆژی شەممە چیمان بۆ دەرکەوت؟

ریال مەدرید 4-1 لە ئێڵچێی بردەوە، فێدریکۆ ڤاڵڤێردی لەدوای هاتریکەکەی بەرامبەر مان سیتی گۆڵێکی دیکەی کرد و ئاردا گولەر لە دووری 68 مەترەوە گۆڵێکی سەرنجراکێشی کرد، بەڵام بەلای زۆربەی مەدریدییەکانەوە، دڵخۆشکەرترین شت بینینی پێنج یاریزانی کاستیا بوو کە یەکەم یارییان لەگەڵ تیپی یەکەم کرد.

تیاگۆ پیتارچ (18 ساڵ) بۆ چوارەم یاریی لەسەریەک بە سەرەکی بەشداری کرد و ئاستێکی ناوازەی پێشکەشکرد، هەروەها مانوێل ئانخێل (22 ساڵ)، دانیێل یانێز (18 ساڵ)، دیێگۆ ئاگوادۆ (19 ساڵ) و سێزار پالاسیۆس (21 ساڵ) وەکوو یەدەک بەشدارییان لە یارییەکەدا کرد و یانێز توانی گۆڵێک دروستبکات.

یاریزانانی ریال مەدرید بەرامبەر ئێڵچێ

لەدوای یارییەکەش ئاربێلوا بەم جۆرە باسی لە یاریزانەکانی کاستیا کرد؛

ئێستا لەدوای یارییەکی لەم شێوەیە دەتوانم بمرم. زۆر دڵشادم و شانازی دەکەم، نەوەک تەنیا لەبەرئەوەی یارییم پێ کردوون، بەڵکوو لەبەر ئەو ئاستەی پێشانیاندا.


دەکرێت ئەم هەفتەیە چی دیکەمان لەدەستچووبێت؟

گۆنزالۆ گارسیا، هێرشبەری یانەکە ماوەی مانگێکە تووشی ئازاری ئەژنۆی بووە بەڵام تاوەکوو لۆس بلانکۆس بە فەرمی هیچ شتێکی لەوبارەیەوە روونەکردووەتەوە، هەرچەندە چارەسەری وەرگرتووە بەڵام کاریگەرییەکی لەسەر ئاست و بەرەپێشچوونی کردووە و لەبەر ئەو هۆکارە لە سێ یاریی رابردوو بە سەرەکی یاریی پێ نەکراوە.

لەلایەکی دیکەوە، ئاردا گولەر لەدوای گۆڵەکەی بەرامبەر ئێڵچێ ئاربێلوای لە باوەش گرت و کۆتایی بە دەنگۆکانی تێکچوونی پەیوەندییەکانی نێوانیان هێنا، کە لە هەفتەی پێشوو بەرامبەر سێلتا ڤیگۆ کاتێک یاریزانەکە گۆڕانکاری پێکرا بە تووڕەییەوە دەرکەوت. لەوەتای ئاربێلوا ئەرکی راهێنەرایەتی مەدریدی گرتووەتە دەست، گولەر چوارەم یاریزانە زۆرترین خولەک بەشداری لە یارییەکاندا کردبێت، لەدوای ڤینیسیۆس جونیۆر، تیبو کۆرتوا و فێدریکۆ ڤاڵڤێردی.

ئالڤارۆ ئاربێلوا و ئاردا گولەر

لە چەند رۆژی رابردوودا، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان چەند وێنەیەک بڵاوبووەوە کە تێیدا نیکۆ پاز و باوکی، یاریزانی پێشووی ریال مەدرید کە ئێستا لە کۆمۆ یاریی دەکات لەگەڵ جێگری سەرۆکی ئینتەرمیلان و خافێر زانێتی، ئەفسانەی پێشووی یانەکە کۆبوونەتەوە، بەڵام ئاتلێتیک بۆی دەرکەوتووە، کۆبوونەوەکە تەنیا دانیشتنێکی خێزانی بووە.

ریال مەدرید بژاردەی کڕینەوەی یاریزانە ئەرجەنتنییەکەی بە بەهای 9 ملیۆن یۆرۆ هەیە و پێشبینی دەکرێت لە هاوینی داهاتوو بگەڕێتەوە بێرنابیۆ.

دوای بانگێشتکردنی بۆ تیپی یەکەم و پێشاندانی ئاستێکی سەرسووڕهێنەر، تیاگۆ پیتارچ، ناوەڕاستکاری مەدرید بووەتە جێی سەرنجی بریکارەکانی تۆپی پێ و چەندین بریکار دەیانەوێت نوێنەرایەتی یاریزانەکە بکەن و کاروبەرەکانی راپەڕێنن. پیتارچ ئێستا لەگەڵ کۆمپانیایەکی بەڕازیلی گرێبەستی هەیە و کارەکانی بەڕێوەدەبات.

بابەتی زیاتر

Back to top button