
یاریگا –
ڤیکتۆری ئۆکۆریێ یاریزانی دیپۆرتیڤۆ ئالاڤێس وەرزی داهاتوو پەیوەندی بە ریال مەدریدەوە دەکات.
بەگوێرەی مارکا، ئۆکۆریێی تەمەن 16 ساڵان و بەرگریکاری باڵی چەپی ئالاڤێس بۆ وەرزی داهاتوو درێسی سپیی قەڵای شاهانە دەپۆشێت. سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەش کردووە کە مەدرید بۆ واژۆکردنی گرێبەست لەگەڵ لاوە بەهرەمەندەکە، لە یانەکانی دیکەی وەکوو بارسێلۆنا، ئاتلێتیکۆ مەدرید، بایرن میونشن و بۆروسیا دۆرتموندی بردووە.
ڤیکتۆری ئۆکۆریێ لە ئێستاوە بانگێشتی تیمی هەڵبژاردەی ئیسپانیای خوار 16 ساڵان و چەند یارییەکیشی کردووە. یاریزانەکە بە توانای جەستەیی و پێگەیشتووییەکەی ناسراوە ئەگەرچی تەمەنێکی کەمی هەیە، هەروەها بە یەکێک لەو لاوانە دادەنریت کە لە ئەکادیمیای ئالاڤێس چاوەڕێی داهاتووییەکی گەشی لێدەکرێت.



