
یاریگا –
دهۆک لە دەرەوەی یاریگای خۆی رووبەڕووی کەرخ دەبێتەوە، راهێنەری دهۆکیش باسی هەڵەی زەقی یاریزانەکانی دەکات لە رابردوودا.
شەممە ( 14ـی ئاداری 2026 ) لە گەڕی 22ـی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق، دهۆک کاتژمێر 9:30ـی شەو لە یاریگای کاپتن شەرار حەیدەر لە بەغدا رووبەڕووی کەرخ دەبێتەوە، بۆ ئەم یارییە دهۆک لە توانای پاشەنگ عەبدوڵا و زانا عەلی بێبەش دەبێت کە بەهۆی پێکانەوە ناتوانن بەشداری یارییەکە بکەن.
عەبدولغەنی شەهد، راهێنەری دهۆک هۆکاری سەرەکی ئەنجامەکانی رابردووی تیپەکەی بۆ یاریزانەکان دەگەڕێنێتەوە، راهێنەری دهۆک دەڵێت هەڵەی تاکە کەسی چەندین خاڵی لەدەست ئێمەداوە ئەم وەرزە:
ئامادەکاریمان بۆ ئەم یارییە باشە، تایبەت دوای سەرکەوتنمان لە دوا یاریی بەرامبەر شوڕتە کە دەبێتە پاڵنەرێکی باش بۆ تیپەکە، دەمەوێ راستیتان پێ بڵێم ئەگەر هەڵەی چەند یاریزانێک نەبوایە لە یارییەکانی رابردوو، دهۆک لە ریزبەندی پێشەوەی یانەکان دەبوو و کێبڕکێی هەمووانی دەکرد، کارمان کردووە لەسەر کێشەی یاریزانەکان و هیوادارم لە نێو یاریگا بە ئاست و ئەنجام وەڵامەکەی وەربگرین.
هەڵۆکانی چیا دوای چوار یاریی یەکەم سەرکەوتنیان لە گەڕی رابردوو بەرامبەر دهۆک بەدەستهێنا، دهۆک بە 30 خاڵ لە ریزبەندی نۆیەم دێت و گەڕی داهاتووش لە کلاسیکۆی کوردستان میوانداری هەولێر دەکات، کەرخیش 37 خاڵی هەیە و لە ریزبەندی شەشەمی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق دێت.



