چامپیۆنزلیگگرنگترین

بێرنابیۆ جارێکی دیکە هاڵاندی خوارد

Yariga App

یاریگا –

ئێرلینگ هاڵاند جارێکی دیکە بەرامبەر ریال مەدرید دووچاری کابووس بووەوە و چەند ژمارەیەکی خراپی تۆمار کرد.

شەوەکەی ئێرلینگ هاڵاند لە بێرنابیۆ وەکوو زۆرێکی دیکە دەستیپێکرد. پێش یارییەکە باوەشی لە ڤینیسیۆس جونیۆردا، وەکوو چۆن لەوانەی پێشوودا لەگەڵ جود بێلینگهام و کیلیان ئێمباپێ کردی، دواتریش یارییەکە دەستیپێکرد. جەنگێکی دیکە، جارێکی دیکە رووبەڕووی ئانتۆنیۆ رودیگەر بووەوە، ئەمجارەیان بە یارمەتی دین هاوسن. ئەمەش وەکوو زۆرینەی شەوەکانی دیکەی لەوێ کۆتایی هات: بە سەری کز و توڕەییەوە یاریگای جێهێشت و نەیدەزانی بۆچی هەر جارێک بەرامبەر ریال مەدرید یاریی دەکات، تواناکانی ون دەبن.

کاردانەوەی هاندەران بە هەستی تێکەڵ بوو، هەندێک فیکەلێدان هەبوو کە شتێکی ئاساییە کاتێک رکابەرێک یاریگا جێدەهێڵێت، بەڵام هەندێک لە هاندەران هەستانەوە و چەپڵەیان بۆ یاریزانێک لێدا، کە زۆرێک لە هاندەرانی ریال مەدرید حەز دەکەن بە رۆژێک بە درێسی سپییەوە بیبینن، ئەگەرچی ئەم سەردانەی خراپترین شەوی بوو لە بێرنابیۆ.

ئامارەکان روونی دەکەنەوە لەنێو یاریگا چی روویدا، هاڵاند تەنیا 10 جار لە تەواوی یارییەکە تۆپی بەرکەوت، حەوت جار لەدەستیدا و هیچ لێدانێکی نەبوو، نە بۆ نێو گۆڵ و نە بۆ دەرەوەی گۆڵ. لە دەرەوەی هێڵی سزاش دووچاری ئاستەنگی بووەوە: هیچ رووبەڕووبوونەوەیەکی دووانی نەبردەوە و رێژەی پاسە دروستەکانی تەنیا 43% بوو. بەشێکی گەورەی ئەم ئاستە خراپەی پەیوەندی بە کارکردنی هێڵی بەرگریی ریال مەدریدەوە بوو، رودیگەر جارێکی دیکە چاودێریکەری سەرەکیی بوو، بەڵام ئەمجارە لەلایەن هاوسنەوە یارمەتی دەدرا، کە زۆر بەخێرایی شوێنی هەنگاوەکانی رودیگەر کەوتووە لە چۆنییەتی راگرتنی یەکێک لە هێرشبەرە نایابەکانی جیهان.

رودیگەر و هاوسن بەیەکەوە توانیان کاریگەری هێرشبەرە نەرویجییەکە لە نزیک گۆڵ کەم بکەنەوە. چاودێری بەردەوام و سەرنجدان لە نزیکەوە هەموو بۆشاییەکی لە هاڵاند داخستبوو، لە زۆرێک لە ساتەکانی یارییەکە تەنانەت نەیدەتوانی بەرکەوتنیشی لەگەڵ تۆپ هەبێت.

وردەکارییەکی تاکتیکیش هەبوو کە لە کاتی یارییەکە زۆرترین سەرنجی بەلای خۆیدا راکێشا، لە تۆپە جێگیرەکاندا ئەو یاریزانەی بۆ چاودێریکردنی هاڵاند دانرابوو دڵێکی بەرگری یان یەکێک لە یاریزانە باڵابەرزەکان نەبوو، بەڵکوو ئاردا گولەر بوو. دوای ئەوەی گولەر یاریگای جێهێشت، فران گارسیا ئەو ئەرکەی لە ئەستۆ گرت.

بە بوونی گولەر بەردەوام لەگەڵیدا، باشترین کەللەلێدەرەکانی ریال مەدرید ئازاد بوون هێرش بکەنە سەر تۆپەکان بەبێ ئەوەی نیگەرانی چاودێریکردنی هێرشبەرەکە بن. ئەرکی گولەر زۆر بە سادەیی بێزارکردنی بوو، ئەگەر پێویستیشیکرد بیگرێت و رێگری لێبکات بەرەو تۆپ ڕابکات.

بابەتی زیاتر

Back to top button