یاریگا

پێلێ بە پەیامێکی خەمهێنەر لە بارەی بانکس و چۆنێتی گەڕاندنەوە مێژووییەکەوە دەدوێت

یاریگانێت- ئەمڕۆ لە تەمەنی 81 ساڵیدا گۆردۆن بانکسی گۆڵپارێزی پێشووتری هەڵبژاردەی ئینگلیز کۆچی دوایی کرد. ئەو گۆڵپارێزەی کە گەڕاندنەوەیەکی مێژووی ئەنجام دا لە بەرامبەر تۆپێک بە لێدانی سەر لەلایەن پێلێی ئەفسانەی تۆپی پێی جیهانەوە. گەڕاندنەوەیەک، کە ناوبانگێکی وای بەخشیە بانکس، کەمتر نەبوو لە ناوبانگی بەهۆی بردنەوەی جامی جیهانی 1966 لەگەڵ هەڵبژاردەی سێ شێرەکە.  لە مێژووی یارییەکەدا، چیتر وەک ئایکۆنێک تەماشا دەکرا، بە تایبەت گەر گۆڵەکەی لە هێرشێکی ئێجگار مەترسیداری پێلێ پاراستبێت.

ئەفسانە بەڕازیلییەکە لە کاردانەوەیەکیدا بۆ کۆچی هەمیشەیی بانکس دەنووسێت: “لە یادگەی زۆر کەسدا، بانکس بەهۆی گەڕاندنەوەی تۆپەکەی منەوە دەناسرێتەوە کە لە مۆندیالی 1970 ئاراستەم کرد. تێدەگەم ئەمە بۆ. چونکە گەڕاندنەوەکە بۆ خۆی لە باشترین جۆرەکان بوو چ لە ژیانی یاریکردنی خۆمدا دیبێتم، یاخود لەو هەزارەها یارییەی لەو کاتەوە تەماشام کردبێت. کاتێک یاریزانی تۆپی پێیت، هەر خۆت یەکسەر دەزانیت کە چۆنت لە تۆپەکە داوە. منیش بەو شێوەی کە هیوام بوو لێی بدەم، هەروام لێ دا. کتومت بۆ ئەو شوێنەشی کە ناردم. ئەوە بوو ویستم ئاهەنگی گۆڵ تۆمارکردنی بۆ بگێرم. کەچی ئەم پیاوە، بانکس، لە پڕێکا کەوتە بەر بیناییم. ڕێک چەشنی تارماییەکی شین، ئەوەی من وام وەسف دەکرد. لە نادیارییەوە هات و شتێکی ئەنجام دا کە هەستم نەکرد ئەوە ڕێی تێ بچێت! تۆپەکەی دەرکرەم بە ئاراستەی سەرەوە و دەرەوە. باوەڕم نەدەکرد بەوەی بینیم. ئێستاش باوەڕ ناکەم چۆن لەو دوورەوە و بەو خێراییە گەشت. من لە ژیانمدا گۆڵی زۆرم تۆمار کردووە. کەچی خەڵکێکی زۆر کە دەمبینن هەمیشە پرسیاری گەڕاندنەوەکەی بانکسم لێ دەکەن. لە کاتێکدا ئەوە دیاردەیەک بوو، بەڵام من ئەو بەوەوە ناناسم، بەڵکوو بە هاوڕێتیی نێوانمانەوە. پیاوێکی میهرەبان و گەرموگوڕ بوو، زۆری بەخشیە خەڵک. بۆیە من خۆشحاڵم لێدانە سەرەکەمی گەڕاندەوە، چونکە ئەوە بوو بە دەستپێکی هاوڕێیەتیی نێوانمان کە من هەمیشە بە سامانێکی دادەنێم. هەرکاتێک یەکترمان دەدیت، وەک وابووبێت هەرگیز لێک دانەبڕابێتین. ئەمڕۆ خەمێکی گەورە دڵی داگرتووم. پرسە و سەرخۆشیی خۆم ئاراستەی خێزانەکەشی دەکەم کە هەردەم جێی شانازیی ئەو بوون. ئاسوودەبیت هاوڕێکەم. بەڵێ گۆڵپارێزێکی ئەفسووناویی بوویت، بەڵام تۆ لەوەش زۆر زیاتر بوویت. تۆ مرۆڤێکی هێند باش بوویت.”

بۆ زانین، هەڵبژاردەی بەڕازیل بە بردنەوەی مۆندیالی 1970 بە سەرکردایەتی پێلێ بۆ جاری سێهەم بوونەوە پاڵەوانی جیهان.

– ڤیدیۆی لێدانەکەی پێلێ و گەڕاندنەوەکەی بانکس:

کۆمێنتێکی نوێ دابنێ

کۆمێنتەکان

تاگ

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button
Close