یاریگا

دوور نەخستنەوەی ساری بەندە بە تێپەڕاندنی ڕێگەیەکی پڕ دڕکوداڵ

یاریگانێت- ماوریزیۆ ساری ڕاهێنەری چێڵسی ئینگلیزی بە باشترین کاتەکانی خۆیدا تێناپەڕێت لە لەندەن و مانەوەی لە پۆستەکەی زیاتر کەوتۆتە بەر هەڕەشە دوای ئەنجامە خراپەکانی، بە تایبەت چەشتنی شکستە تاڵەکەیان لەسەر دەستی مان سیتی 6-0 لە خولی ئینگلیزی.

بە گوێرەی ڕۆژنامەی تەلەگرافی بەناوبانگی ئەو وڵاتە، دوو هەفتە مۆڵەت خراوەتە بەردەم ڕاهێنەرە ئیتاڵییەکە بۆ باشترکردنی ئەنجامەکانی، ئەگینا داهاتووی گەڕانەوەیەتی بۆ وڵاتەکەی و سپاردنی ئەرکەکەی بە جان فرانک زولای هاونیشتیمانیی و هاوکاری.

ماوەی ئەو دوو هەفتەیەش، دوو یاری یانەکەیەتی بەرامبەر مالمۆی سویدی لە خولی یانەکانی ئەورووپا و یاریەکی تریان لەگەڵ مانچێستەر یونایتد لە جامی یەکێتی ئینگلیز. هەروەها یاری کۆتایی جامی یانە پیشەگەرەکانی ئینگلیز بەرامبەر مان سیتی لە 24ی ئەم مانگە.

بە سێ ڕۆژ دوای ئەو یاریەش، دەگەڕێنەوە بۆ یاریەکانی پریمەرلیگ و ئەم جارەیان لەگەڵ تۆتنهامی هاوشاریان لە دێربی لەندەن.

شینپۆشەکانی لەندەن ئەم وەرزە بە سەرەتایەکی باش دەستیان پێکرد، دواتر ئەنجامەکانیان ڕووی لە داکشان کرد و لە ئێستادا لە پلەی شەشەمی خولی ئینگلیزیەوەن.

کۆمێنتێکی نوێ دابنێ

کۆمێنتەکان

تاگ

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button
Close