گرنگترینمۆندیالی 2026

شۆكێكی نوێ؛ نێیمار بۆ بەشداریكردن لە مۆندیالی 2026 تووشی بەربەستێكی نوێ دەبێت

پلانەكانی ئانچێلۆتی گۆڕانكاری بەسەردادێت

Yariga App

یاریگا –

نێیمار جونیۆر، ئەستێرەی هەڵبژاردەی بەڕازیل لە رێگای بەرەو بەشدارییكردن لە مۆندیالی 2026 رووبەڕووی ئاستەنگێكی نوێ بوویەوە.

نێیمار لە گواستنەوەكانی زستانەی 2025 گرێبەستەكەی لەگەڵ هیلال هەڵوەشاندەوە و گەڕایەوە سانتۆسی بەڕازیلی و تاوەكو كۆتایی ئەمساڵ گرێبەستی لەگەڵ یانەكەی هەیە.

چاوەڕواندەكرێت بەرەبەیانی سبەی میراسۆڵ لە یاریگای خۆیدا میوانداری سانتۆس بكات، لە میانی یارییەكانی گەڕی پێنجەمی خولی بەڕازیلی.

لە راهێنانەكاندا لەگەڵ سانتۆس بۆ ئامادەكاری بۆ رووبەڕووبوونەوەی میراسۆڵ نێیمار بەهۆی ماندووێتیەوە تووشی پێكانی ماسولکەی بووە و راهێنانەكانی جێهێشتووە.

ئەم پێکانە لە کاتێکی هەستیاردا دێت، چونکە بڕیار وابوو کارلۆ ئانچێلۆتی راهێنەری هەڵبژاردەی بەڕازیل، لە یاری نێوان سانتۆس و میراسۆڵ چاودێری نێیمار بکات، پێش ئەوەی رۆژی دووشەممەی داهاتوو لیستی سەرەتایی هەڵبژاردەی بەڕازیل رابگەیەنێت.

نێیمار لەگەڵ کارگێڕی یانەی سانتۆس بڕیاریانداوە سەرکێشی نەکەن بە بەشداریکردنی لە یارییەکەی میراسۆڵ، ئەمەش بۆ ئەوەی پێکانە ماسولکەییەکەی خراپتر نەبێت کە رەنگە هەڕەشە بۆ سەر بەشدارییكردن لە دوایین پاڵەوانێتی گەورەی ژیانی وەرزشیدا درووستبكات.

ئانچێلۆتی بڕیاریدابوو ئامادەی ئەو یارییە ببێت بۆ ئەوەی لە نزیكەوە چاودێری دۆخێ نێیمار بكات، بەڵام پێكان لەو دەرفەتە بێبەشیكرد.

پێشبینی دەکرێت یاریزانەکە بۆ یاریی کۆتایی هەفتە بەرامبەر کۆرینتیانز ئامادە بێت، ئەمەش واتای ئەوەیە ئەگەر بارودۆخەکەی خراپتر نەبێت، پێکانەکەی لە بەشداریکردن لە دوو یارییە دۆستانەکەدا بەرامبەر فەڕەنسا و کرواتیا رێگری لێ ناكات.

نێیمار ئێستا تەمەنی 34 ساڵە، ماوەیەکی زۆرە لە ریزی هەڵبژاردەی بەڕازیل دوورکەوتووەتەوە. بە دیاریکراوی لە 17ی ئۆکتۆبەری 2023 لە یارییەکەیان بەرامبەر ئۆروگوای.

هەڵبژاردەی بەڕازیل لە یارییەكانی مۆندیالی 2026 لە كۆمەڵەی سێیەم هاوشانی هەریەک لە هەڵبژاردەكانی مەغریب، هایتی و سكۆتلاند دێت.

بابەتی زیاتر

Back to top button