باشترینەکانی مانگی رابردووی خولی نایابی کوردستان دەستنیشانکران
رەمزی ساڵح بۆ یەکەمجار خەڵاتی باشترین راهێنەری مانگی وەرگرت

یاریگا –
باشترینەکانی مانگی شووبات دەستنیشانکران و رەمزی ساڵح بۆ یەکەمجار خەڵاتی باشترین راهێنەری پێدەدرێت.
رەمزی ساڵح، راهێنەری رانیە بە باشترین راهێنەری مانگی رابردوو دەستنیشانکرا، راهێنەرەکە لەگەڵ رانیە لە سێ یارییدا سێ سەرکەوتنی بەدەستهێنابوو، رانیە لەومانگەدا لە هەرچوار یاریی براوەبوو، بەڵام رەمزی ساڵح لە سێ یارییدا راهێنەری تیپەکە بووە و بۆ یەکەمجار خەڵاتی باشترین راهێنەری مانگی بەدەستهێنا.
هۆگر عەلی، گۆڵپارێزی زاخۆ بە باشترین گۆڵپارێز بۆ مانگی شووبات دەستنیشانکرا، گۆڵپارێزەکەی زاخۆ لە چوار یارییدا سێ کلین شیتی هەبوو یەک گۆڵیشی لێ تۆمار کرابوو، گۆڵەکەش بە لێدانی سزا بەرامبەر هەندرێن لێی تۆمار کرابوو، وێڕای ئەوەی عەلی رەزا لە رانیە و گەیلان سادقیش لە هەندرێن هەمان ئاماریان هەبوو، بەڵام هۆگر عەلی بە باشترین گۆڵپارێز هەڵبژێردرا.
سەڵاح حەسە، ناوەڕاستکاری ئاکرێ بە باشترین یاریزانی مانگی شووبات دەستنیشانکرا، سەڵاح لەگەڵ ئاکرێ لە چوار یارییدا سێ گۆڵی تۆمار کرد و دوو ئەسیستیشی بۆ هاوڕێکانی کردبوو.



