مینگێزا بڕیارێکی کاریگەر لەبارەی داهاتووی دەدات

یاریگا –
مینگێزا گرێبەستەکەی لەگەڵ سێلتا ڤیگۆ لە کۆتایی نزیک دەبێتەوە و دەبێت بڕیارێکی گرنگ لەبارەی داهاتووییەوە بدات.
ئۆسکار مینگوێزا کە خەریکە تەمەنی دەبێتە 27 ساڵ، ئێستا لە ساتێکی گرنگی کاروانی وەرزشیی خۆیدایە. بەرگریکارە کاتالوونییەکە دوای جێهێشتنی بارسێلۆنا پەیوەندی بە سێلتا ڤیگۆوە کرد و لەوێ بووەتە یاریزانێکی گرنگە. ئێستا ئەو بەشێکی گرنگە لە سیستمی کلاودیۆ گیرالدێزی راهێنەری یانەکە و تەنانەت بانگێشتی تیمی هەڵبژاردەی ئیسپانیاش کراوە.
ئێستا مینگوێزا لە باشترین ساتەکانییەتی وەکوو یاریزان، بەڵام گرێبەستەکەی لەگەڵ سێلتا خەریکە کۆتایی دێت، ئەمەش واتا دەبێت لەبارەی داهاتووییەوە بڕیارێکی گرنگ بدات.
ئۆسکار لە ئێستاوە هەنگاوی یەکەمی ناوە، پەیوەندیی لەگەڵ بریکارە دێرینەکەی، خۆسێپ ماریا ئۆرۆبیتگ کۆتایی پێهێناوە، کە لە منداڵییەوە کاروانی وەرزشیی یاریزانەکە بەڕێوەدەبات. پێشبینی دەکرێت لە هەفتەکانی داهاتوو گرێبەست لەگەڵ بریکارێکی نوێ واژۆ بکات، کە دەبێت لە چەند گفتوگۆیەکی گرنگ بەشداریی بکات.
یەکێک لە بابەتەکان ئۆفەری نوێکردنەوەی گرێبەستەکەیەتی لەلایەن سێلتاوە. بەڕێوەبەری وەرزشیی یانەکە بەهایەکی زۆر بۆ مینگوێزا دادەنێت و دەیەوێت بیکات بە یەکێک لە خاوەن زۆرترین مووچەکانی یانەکە. سەرەڕای ئەوەش، پێناچێت ئەم هەوڵدانە بەس بێت، چونکە سێلتا دەبێت کێبڕکێ لەگەڵ ئەو یانانە بکات کە بوودجەی زۆر گەورەتریان هەیە.
لە گواستنەوەی زستانە گرنگیپێدانی یوڤێنتوس بڵاوبووەوە و یانە ئیتاڵییەکە تەنانەت هەوڵیدا گرێبەستیشی لەگەڵ واژۆ بکات. لەگەڵ ئەوەشدا پێشبینی دەکرێت بەهێزترین گرنگیپێدان لە پرێمەرلیگەوە بێت، کە یانەکان هێزی دارایی گەورەتریان هەیە و خولەکە بۆ یاریزانان زۆر سەرنجڕاکێشە.
ئاستۆن ڤێلا لە پێشوودا گرنگی خۆی نیشانداوە، ئەمجارە دەکرێت یانەی زیاتریش گرنگی پێبدەن، چونکە دەکرێت لە کۆتایی وەرزدا مینگوێزا ببێتە یاریزانێکی خۆڕایی. یاریزانێکی نێودەوڵەتی لە ئیسپانیا کە بەخۆڕایی بەردەست بێت، دەرفەتێکی زۆر سەرنجڕاکێشە لە بازاڕی گواستنەوەدا.



