ئیسپانیافه‌ره‌نساگرنگترین

ئێستا؛ ئێمباپێ پەیوەندی بە کەمپی هەڵبژاردەی فەرەنسا دەکات

Yariga App

یاریگا –

ئێمباپێ بەشێک دەبێت لە تیمی هەڵبژاردەی فەڕەنسا کە لەم مانگەدا بۆ یارییە دۆستانەکان گەشتی ئەمریکا دەکەن.

پێشبینی دەکرێت کیلیان ئێمباپێ لە مانگی ئازار و لە ماوەی پشووی هەڵبژاردەکان بۆ دوو یاریی دۆستانە لە ئەمریکا لەلایەن دیدییە دیشامپی راهێنەرەوە بانگێشت بکرێت. بڕیارە فەڕەنسا دوو یاریی دۆستانە لە 26ـی ئازار بەرامبەر بەڕازیل و 29ـی ئازار بەرامبەر کۆڵۆمبیا ئەنجام بدات.

ئەمە لە کاتێکدایە هێرشبەرە فەڕەنسییەکە بەهۆی وەرگەڕانی ئەژنۆیەوە لە یاریکردن دابڕاوە و نەیتوانیوە باشترین ئاستی خۆی پێشکەش بکات، بەڵام لە فەڕەنسا پێیان وایە بۆ دوایین یارییەکانی هەڵبژاردەکەی پێش جامی جیهانیی، هەر پەیوەندی بە هاوڕێکانییەوە دەکات.

بەگوێرەی لیکیپ، گەشتی ئێمباپێ بۆ ئەمریکا مانای ئەوە نییە بەشداریی یارییەکان دەکات، ئامادەبوونی زیاتر بەمەبەستی بازاڕدارییە، چونکە نایک و سپۆنسەرەکانی دیکە رێککەوتنیان لەسەر ئێمباپێ هەیە تاوەکوو بەشداریی چالاکییەکانی فراوانکردنی براندەکەیان لە ئەمریکا بکات. ئەگەر کیلیان گەشت نەکات، زیانە داراییەکان دەکرێت زۆر گەورەبن، بۆیە هەردوولا بەلایەنەوە باشترە لە گەشتەکەیان ئامادەبێت، ئەگەر تەنانەت هێشتا لە پڕۆسەی چاکبوونەوەشدا بێت.

سەرنجی تەواوی ئێمباپێ لەسەر یاریکردن و بردنەوەی جامی جیهانییە، بۆیە هیچ سەرکێشییەک بە ئەژنۆیەوە ناکات. ئەو دەزانێت کە پێكانێکی دیکە دەکرێت رێگری لە بەشدارییکردنی لە سێیەم جامی جیهانیی لێبکات، هەر بۆیەش ئەستێرە فەڕەنسییەکە هەفتەی رابردوو بڕیاریدا ئەگەر تەنانەت یارییە گرنگەکەی بەرامبەر مانچێستەر سیتیش لەدەست بدات، ئەوا هەر چاکبوونەوەی ئامانجی لەپێشینەیەتی.

نە دیشامپ و نە تیمی پزیشکی هەڵبژاردەی فەڕەنسا سەرکێشی بە یاریکردنی ئێمباپێ لە پشووی یاریی هەڵبژاردەکانی ئەم مانگە ناکەن. ئەگەر بەتەواوی چاک نەبێتەوە، ئەوا بەرامبەر بەڕازیل و کۆڵۆمبیا یاریی ناکات. سەرەڕای ئەوەش ئەگەری گەشتکردنی ئێمباپێ لەگەڵ هەڵبژاردەکەی یەکجار زۆرە بەهۆی پابەندبوونی بازاڕگەریی لە گرێبەستەکەیدا.

بابەتی زیاتر

Back to top button