
یاریگا –
ریال مەدرید دەچێتە کێبڕکێی بەدەسهێنانی تواناکانی ساندرۆ تۆنالی، ئەستێرەی هێڵی ناوەندی نیوکاسڵ یونایتد.
رۆژنامەی سەن بڵاویکردووەتەوە، چەند ئەندامێکی ریال مەدرید لە یارییەکەی شەوی رابردووی نێوان نیوکاسڵ یونایتد و مانچێستەر سیتی ئامادەبوون، تاوەکوو خوێندنەوە بۆ شێوازی یاریی مانچێستەر سیتی بکەن.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رۆژنامە بەریتانییەکە، جگە لە شیکاریی و خۆئامادەکردن بۆ یارییەکەی مانچێستەر سیتی، ئەندامەکانی مێرەنگی، ئامانجیان لە نزیکەوە چاودێریکردنی تۆنالی بووە و هاوشانی ئارسیناڵ و مانچێستەر سیتی کێبڕکێی بەدەستهێنانی واژۆی یاریزانەکە دەکەن.

هەمان سەرچاوە ئەوەشی خستووەتەڕوو، نیوکاسڵ یونایتد نایەوێت دەستبەرداری ناوەڕاستکارە 25 ساڵانییەکە بێت چونکە یەکێکە لە گرنگترین و ئاست جێگیرترین یاریزانەکانی یانەکە.
تۆنالی تاوەکوو ساڵی 2030 گرێبەستی لەگەڵ نیوکاسڵ هەیە و پێشتر دڵخۆشی خۆی لە یانەکەی رایگەیاند، بەڵام ئەگەر یانەکەی نەتوانێت بۆ وەرزی داهاتووی چامپیۆنزلیگ سەربکەوێت زۆر ئەستەمە ناوەڕاستکارە ئیتاڵییەکە بمێنێتەوە.
رۆژنامە بەریتانییەکە دەشڵێت؛ پێشبینی دەکرێت نیوکاسڵ بە کەمتر لە 100 ملیۆن یۆرۆ بە فرۆشتنی تۆنالی رازی نەبێت.



