ماڵئاوایی بەکۆمەڵ؛ یاریزانانی تۆتنهام یانەکەیان جێدەهێڵن
کام یاریزانانەی سپێرس ماڵئاوایی دەکەن؟ کێ دەمێنێتەوە؟

یاریگا –
تاوەکوو دێت فشارەکانی سەر تۆتنهام زیاتر دەبن و لە نوێترین پێشهاتدا، یاریزانانی یانەکە دەیانەوێت بەکۆمەڵ یانەکە بەجێبهێڵن.
لەدوای 49 ساڵ، بۆ یەکەم جار تۆتنهام ئەم وەرزە کەوتووەتە لێواری دابەزین و مەترسییەکی گەورە لەسەر داهاتووی یانەکە دروستبووە، بەجۆرێک؛ لە رووی داراییەوە زیانێکی گەورە بەر یانەکە دەکەوێت، هەروەها یاریزانەکانیشی دەیانەوێت خۆیان لەو گێژاوە دەرباز بکەن و یانەکە بەجێبهێڵن.
سپێرس بە کۆکردنەوەی 29 خاڵ لە پلەی 16ـی ریزبەندییە و 9 یاریی لەم وەرزەی خولەکە ماوە، تەنیا یەک خاڵ لە دابەزین دوورە.
لە گرێبەستی بەشێک لە یاریزانەکانی تۆتنهام بڕگەیەک هەیە؛ ئەگەر یانەکە لە پرێمەرلیگ دابەزێت مووچەی یاریزانەکان بە رێژەی لە %50 کەمدەکاتەوە، بەڵام بەشێکی ئەو یاریزانانەی مووچەیان بەرزە، ئەو برگەیە لە گرێبەستەکانیان نییە، ئەمەش لە رووی داراییەوە بارگرانایی گەورە دەخاتە سەر یانەکە.
رۆژنامەی دەیلی مەیل بڵاویکردووەتەوە، ئەگەر یانەکە لەندەنییەکە دابەزێتە چامپیۆنشیپ، چەندین یاریزانی گرنگ و سەرەکی لەدەستدەدات و لە مێرکاتۆی هاوینە یانەکە جێدەهێڵن.

گوگلیلمۆ ڤیکارۆ
بەشێک لە بەرپرسانی تۆتنهام پێیان وایە گوگلیلمۆ ڤیکارۆ، گۆڵپارێزی یانەکە بەم دواییە ئاستی وەکوو پێویست نییە و جێگای رەزامەندی نییە، هەروەها لە یاریی رابردوو بەرامبەر کریستاڵ پاڵاس لەلایەن هاندەرانی یانەکەوە فیکەی ناڕەزایی بۆ لێدرا. لەلایەن یانەکانی ئینتەر میلان و یوڤێنتوس گرنگی پێدەدرێت، لە کاتێکدا رۆماش چاودێریی دۆخی دەکات، پێشبینی دەکرێت لە هاوین بگەڕێتەوە یەکێک لە یانەکانی ئیتاڵیا.
پێدرۆ پۆڕۆ
لە یارییەکەی بەرامبەر کریستاڵ پاڵاس، پێدرۆ بە نائومێدییەکی زۆر دەرکەوت و نیگەرانە لەو دۆخەی یانەکەی تێیکەوتووە. لەلایەن یانەکانی پرێمەرلیگ و لالیگاوە داوا دەکرێت.
میکی ڤان دی ڤێن
مانچێستەر یونایتد و لیڤەرپوول کێبڕکێی گواستنەوەی دەکەن و یاریزانەکەش بڕیاری رۆیشتنی لە یانەکە داوە، بەڵام تۆتنهام لە بەرامبەر دەستبەرداربوون لە بەرگریکارە هۆڵەندییەکە داوای بڕە پارەیەکی زۆر دەکات.
کریستیان رۆمێرۆ
رۆمێرۆ، یەکێکی دیکەیە لەو یاریزانانەی دەیەوێت تۆتنهام بەجێبهێڵێت و ئاتلێتیکۆ مەدرید ماوەیەکی زۆر خواستی گواستنەوەی بەرگریکارە ئەرجەنتینییەکە دەکات، بە ئەگەری زۆرەوە لە مێرکاتۆی هاوینە ماڵئاوایی دەکات.

کۆنۆر گالاگێر
گالاگێر، لە مێرکاتۆی زستانە لە ئاتلێتیکۆ مەدریدەوە پەیوەندی بە تۆتنهام کرد، مووچەیەکی زۆر لە یانەکە وەردەگرێت و بڕگەی کەمکردنەوەی بە لە %50 نییە، بۆیە بە ئەگەری زۆر یانەکە دەیەوێت دەستبەرداری ببێت.
چاڤی سیمۆنس
چاڤی لەلایەن یانەکانی خولی سعوودی گرنگی پێدەدرێت، ئەگەر بڕە پارەیەکی گونجاو پێشکەش بە یانەکە بکرێت، لە مێترکاتۆی هاوینە دەستبەرداری دەبن.
ریچارلیسن
هێرشبەرە بەڕازیلییەکە لەدوای دابەزینی ئێڤەرتن یانەکەی بەجێهێشت و پێشبینی دەکرێت هەمان کار لەگەڵ سپێرس دووبارە بکاتەوە، لە بەڕازیل، سعوودیە و ئینگڵتەڕاوە چەندین یانە گرنگی پێدەدەن.
محەمەد کودوس
کودوس نایەوێت لە چامپیۆنشیپ یاریی بکات و لەپێناو بەشداریکردن لە چامپیۆنزلیگ و رکابەری لە ئاستی بەرز وێسهتامی بەجێهێشت و رووی لە تۆتنهام کرد، لە ئەگەری دابەزینی یانە لەندەنییەکە ماڵئاوایی دەکات.

کۆلۆ موانی، جواو پالینا و یێڤێس بیسوما
پالینا و کۆلۆ موانی ماوەی خواستنەکەی لەگەڵ تۆتنهام کۆتایی دێت و دەگەڕێنەوە بایرن میونشن و پاریس سان جێرمان، چەندین یانەی پرێمەرلیگیش ئارەزووی گواستنەوەی پالینیا دەکەن. بیسوما گرێبەستەکەی لە کۆتایی وەرز بەسەردەچێت.
رۆدریگۆ بێنتانکور
لە مانگی ئۆکتۆبەر گرێبەستی لەگەڵ یانەکە نوێکردەوە بەڵام ئەیسی میلان شەڕی بەدەستهێنانی واژۆی یاریزانەکە دەکات، ئەستەم لە چامپیۆنشیپ یاریی بکات.
جەیمس مادیسن
پێکانی مادیسن کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر ئەنجامەکانی تۆتنهام دروستکرد و بە ئەگەری زۆرەوە لەگەڵ یانەکەی دەمێنێتەوە.
لوکا ڤوسکۆڤیچ
بەرگریکارە لاوەکە بە خواستن لە هامبورگ یاریی دەکات و بارسێلۆنا ئارەزووی گواستنەوەی دەکات، بەڵام تۆتنهام دەیەوێت بیهێڵێتەوە.



