
یاریگا –
رێککەوتنێکی نوێ واژۆکرا کە مووچەی ساڵانەی ناوبژیوانان لە تۆپی پێی پیشەگەریی ئیسپانی زیاد دەکات.
دووشەممەی داهاتوو، یەکەم رێککەوتنی وەرزی 2025-2026 لە تۆپی پێی پێی پیشەگەریی پیاوان بەفەرمی واژۆ دەکرێت. لە بۆنەکەدا رافایل لۆزانی سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی شاهانەی ئیسپانیی، خافیێر تێباسی سەرۆکی لالیگا، فرانسیسکۆ سۆتۆی سەرۆکی لیژنەی ناوبژیوانان و پاکۆ هێڤیای سەرۆکی دامەزراوەی ئیسپانیی ناوبژیوانانی تۆپی پێ ئامادە دەبن.
ئەمە بە ساتێکی مێژوویی دادەنرێت، چونکە دەبێتە یەکەم رێککەوتن لەپێناو ناوبژیوانان. تاوەکوو ئێستا تەنیا رێککەوتن رێککەوتنی هاوکاریی لەنێوان فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیی و لالیگا هەبووە سەبارەت بە پێدانی پارە بە ناوبژیوانان. رێککەوتنە نوێێەکە باشترکردنی مووچەی ساڵانە، سوودی پەیوەست بە پەخشی تەلەفیزیۆنی و مەرجی دیکەی ئیشکردن لەخۆدەگرێت.
رێککەوتنەکە زیادکردنی مووچە بە رێژەی 2% بەراورد بە وەرزی 2024-2025 پشتڕاست دەکاتەوە. لە سەرەتادا لالیگا تەنیا 1%ـی پێشکەش کردبوو، بەڵام رێککەوتنی کۆتایی ئەو رێژەیەی کرد بە دوو هێندە. ئەم گرێبەستە ئەنجامی رێککەوتنی هاوینی رابردووی نێوان ناوبژیوانان، فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانی و لالیگایە لە کاتی کەمپی مەشقی ناوبژیوانانی پێش وەرزی نوێ.

پێش رێککەوتنە نوێیەکە، ناوبژیوانانی لالیگا بەگشتی نزیکەی 300 هەزار یۆرۆ و ئاستی دووەم نزیکەی 140 هەزار یۆرۆیان لە ساڵێکدا وەردەگرت. مووچەی بنەڕەتی لالیگا 120 هەزار یۆرۆ بوو لە ساڵێکدا، کە بە 10 قیستی 12 هەزار یۆرۆیی پێیان دەدرا. لەگەڵ ئەوەشدا ناوبژیوانان بەپێی یارییەکان پارەیان پێدەدرا، کە بۆ هەر یارییەکی لالیگا 4500 یۆرۆ و 2000 یۆرۆ بۆ هەر یارییەکی ئاستی دووەم بوو.
ناوبژیوانێک بەگشتی 19-20 یاریی لە لالیگا یان 21-22 یاریی لە ئاستی دووەم بەڕێوەدەبات. پارەی زیاتریش پشت بە رۆڵی ڤار دەبەستێت؛ 2200 یۆرۆ بۆ هەر یارییەکی لالیگا وەکوو ڤار، هەروەها 1000 یۆرۆ بۆ یارییەکی ئاستی دووەم وەکوو ڤار.
لە چەند وەرزی رابردوودا بەهۆی دروستکردنی گروپێکی پسپۆری ڤار کە لە 16 ناوبژیوان پێکهاتوون و لە VOR بۆ هەردوو ئاستەکە ئیش دەکەن، داهاتیی ناوبژیوانان لە رێگەی ڤارەوە کەمی کردووە. تەنیا 10 ناوبژیوانی نێودەوڵەتی کە لەلایەن فیفا و یوێفاوە دیاریی دەکرێن، لە وەرگرتنی ئەرکی ڤار بەردەوام دەبن.
لە هەمان کاتدا یاریدەدەرانی ناوبژیوانی لالیگا پێش رێککەوتنە نوێیەکە، ساڵانە نزیکەی 150 هەزار یۆرۆیان بەدەست دەهێنا.



