ئه‌وروپائیسپانیاگرنگترین

ئاربێلوا بەهۆی سوکایەتیکردن بە کارڤاخال رووبەڕووی رەخنەی توند بووەوە

ئاربیلوا دڵی کارڤاخاڵی شکاند و میدیاکانیش بێدەنگ نه‌بوون

Yariga App

یاریگا –

هەرچەندە ریاڵ مەدرید توانی هەناسەیەکی ئاسوودە هەڵبکێشێت دوای بردنەوەیەکی سەخت بەرامبەر سێڵتا ڤیگۆ، بەڵام شێوازی مامەڵەکردنی ئالڤارۆ ئاربێلوا لەگەڵ دانی کارڤاخالی کاپتنی یانەکە، شەپۆلێکی توندی ناڕەزایەتی لە میدیاکانی ئیسپانیا دروست کردووە.

بردنەوەیەک بە تامی تاڵ

ریاڵ مەدرید بە گۆڵێکی فێدێ ڤاڵڤێردی لە خولەکەکانی کۆتاییدا توانی (2-1) لە سێڵتا ڤیگۆ بباتەوە و جیاوازییەکەی لەگەڵ بارسێلۆنا بۆ تەنیا یەک خاڵ کەم بکاتەوە، بەڵام ئەوەی بووە باسی گەرمی دوای یارییەکە، لێدوانە توندەکانی ئەنتۆنیۆ رۆمێرۆ، رۆژنامەنووسی ناسراوی رادیۆی كادینا سێر بوو دژی ئاربێلوا.

40 خولەک خۆگەرمکردن و دواتر پشتگوێخستن!

رۆمێرۆ بە توندی هێرشی کردە سەر ئاربێلوا بەهۆی مامەڵەی لەگەڵ کارڤاخال و گوتی:

“ئاربێلوا هیچ هەست و سۆزێکی بەرامبەر کارڤاخال نەبوو، چۆن دەبێت کاپتنی یانەکە 40 خولەک خۆیگەرمکردن بكات ، کەچی لە کۆتاییدا دوو یاریزانی گەنج  بخەیتە ناو یاریگا و ئەو پشتگوێ بخەیت؟”

ئەو رۆژنامەنووسە ئاماژەی بەوەش کرد کە کارڤاخال ستافی ئاگادار کردووەتەوە کە بە تەواوی ئامادەیە بۆ یاریکردن، بەڵام ئاربێلوا نەک تەنیا یاریی پێ نەکرد، بەڵکو بەو شێوازە سوکایەتی پێکردووە. کارڤاخال کە تەمەنی 34 ساڵە و گرێبەستەکەی لە کۆتایی ئەم وەرزە تەواو دەبێت، دوای نەشتەرگەریی ئەژنۆی هێشتا نەگەڕاوەتەوە بۆ پێکهاتەی سەرەکی.

رەخنە لە ئالێکساندەر ئارنۆڵد؛ ئارەق ناکاتەوە!

رۆمێرۆ تەنیا بەوەوە نەوەستا، بەڵکو هێرشی کردە سەر جێگرەوەکەی کارڤاخال، ترێنت ئالێکساندەر ئارنۆڵد. گوتی:

“ڕاستە ئارنۆڵد قاچێکی راستی ناوازەی هەیە، بەڵام ئەو لە یاریگەدا ئارەق ناکاتەوە! نە لە رووبەڕووبوونەوەکان دەباتەوە و نە دەتوانێت بەرگرییەکی جێگیر بێت. لە مەدرید دەبێت لە هێرشبردن و بەرگریشدا یەکسان بیت.”

ئاربێلوا: ئەمە جەنگ بوو

لە لایەکی ترەوە، ئالڤارۆ ئاربێلوای راهێنەر بێ گوێدانە رەخنەکان، دوای یارییەکە گوتی:

“هەموو یارییەک بۆ ئێمە وەک جەنگ وایە، ئەمڕۆش سەلماندمان کە کەسایەتییەکی بەهێزمان هەیە.”

سەرەڕای سێ خاڵە گرنگەکەی سێلتا ڤیگۆ، بەڵام درز لە پەیوەندیی نێوان ئاربێلوا و یاریزانە دێرینەکانی مەدرید بەتایبەت کارڤاخال خەریکە گەورەتر دەبێت، ئەمەش داهاتووی راهێنەرە گەنجەکە لە بێرنابیۆ دەخاتە ژێر پرسیارەوە.

بابەتی زیاتر

Back to top button